قەیرانەکە تەنها گەندەڵی نییە

بینراوە: (6.8K)

احمد حميد محمد

کۆشکێک کە پاسەوانەکانی نەک تەنها خەزێنەکەیان تاڵان کردووە، بەڵکو ئێستا بە ئاشکرا دیوار و ستوونەکانیش دەڕووخێنن بۆ ئەوەی بەردەکانی بفرۆشن و هیچ باکێکیان بە ڕووخانی سەقفەکە بەسەر سەرنشینەکانیدا نییە! لێرەدا کێشەکە چیتر تەنها دزینی سامانی ناو کۆشکەکە نییە، بەڵکو لەدەستدانی تەواوەتیی ئەو بناغە و پێوەرانەیە کە بیناکەی لەسەر وەستاوە! ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئێمە چیتر لە قۆناغی گەندەڵیی سادەدا نین؛ کێشەکە ئەوە نییە کە چەند بەرپرسێک پارە دەدزن، بەڵکو قەیرانە گەورەکە ئەوەیە کە خودی دەسەڵات گۆڕراوە بۆ پەیکەرێکی ئەهریمەنی کە هیچ ترس و شەرمێکی لە دادگا، پەرلەمان، یان یاسا نەماوە!

کاتێک دامەزراوەکان لەبری ئەوەی ببنە چاودێر و لێپرسینەوەکار، دەگۆڕێن بۆ خزمەتکاری دەسەڵاتداران و پارێزەری قۆرخکاران، ئیتر سیستەمەکە پێویستی بە شاردنەوەی تاوانەکانی نییە. تاڵانچییەکان دەزانن کە هیچ هێزێکی دامەزراوەیی ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، چونکە خۆیان قوفڵ و کلیلی هەموو دەرگاکانیان لە گیرفاندایە. لێرەدا، دزیکردن بووەتە کارێکی دامەزراوەیی، و ئەوەی پێی دەوترێت دەوڵەت، تەنها پاسەوانێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.

“دەسەڵات مەیلی بەرەو گەندەڵبوون هەیە، بەڵام دەسەڵاتی ڕەها بە ڕەهایی کۆمەڵگا گەندەڵ دەکات”! ئەمە ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە زەئیر (کۆنگۆی ئێستا) لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتدا ڕوویدا، کاتێک دەسەڵاتدارێک هێندە لە سەرووی دامەزراوەکانەوە بوو کە دەوڵەت و گیرفانی خۆی لێک جیا نەدەکرانەوە، و دادگاکانیش تەنها بۆ ئەوە مابوونەوە کە مۆر بەسەر بڕیارە ئارەزوومەندانەکانی ئەودا بنێن! لەم نیشتمانەی ئێمەشدا، نوخبەی حوکمڕان گەیشتوونەتە هەمان ئاستی لوتەرزی؛ ئەوان ئیتر لە یاسا ناترسن، چونکە خۆیان یاسا دەنووسنەوە. ئەوان لە دادگاکانی کارتۆنی ناسڵەمنەوە، چونکە دادوەرەکانی سێبەر لەسەر مێزی ئەوان مووچە وەردەگرن!

لە سایەی ئەم دۆخەدا، هێزە تاریکەکان دەوڵەتیان ڕفاندووە و کردوویانە بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی حوکمی خێزانی و دەسەڵاتی میلیشیایی. هەر کاتێک دەنگێکی ناڕازی داوای ڕوونییەت لە نەوتی دزراو و داهاتی قاچاخی سنوور دەکات، بە خێرایی لەلایەن دامەزراوە بێگیانەکانەوە پەڕاوی دروستکراوی بۆ ئامادە دەکرێت. ئەمە دەوڵەت نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی زەبەلاحی گرووپە چەکدارەکان و پارتە سیاسییەکانە، کە تێیدا پەرلەمانی بێدەنگکراو و حکومەتی ئیفلیجکراو تەنها بۆ شاردنەوەی ململانێی دابەشکردنی سامانی گشتی بەکاردەهێنرێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 105 Today: 2,991 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.