محمد بەهرۆز
با بەم شێوەیە دەست بە نوسینەکەم بکە و بپرسم چۆن و بە چ لۆژیکێک لە دروشمی بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆمان،
گەیشتینە ئەم ڕۆژە و بووینە پاسەوانی سنوور و سەروەریی “عێراقنا الحبیب”؟
ئێستا کوا ئەو دەنگە بەرزانەی ڕۆژانێک ڕیفراندۆمیان وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاری پێشان ئەدا ؟
کوان ئێستا لە کوێن ئەندازیاران و لایەنگرانی ئەو پرۆسەیە لە ئاست ئەم واقیعە نوێیەدا کە هاتۆتە ئاراوە ؟
بۆچی هەمووان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان نییە ؟
کاتێک بەڵێنەکان تەنیا دروشمی سەر شەقام بون و واقیعەکەش دەبێتە پاراستنی سەروەریی دەوڵەتێک کە خۆی باوەڕی بە مافە سەرەتاییەکانت نییە،
ئێمەش مافی خۆمانە بپرسین ئاخۆ ئامانجی ڕاستەقینە چی بوو و بەرەو کوێمان ئەبەن ؟
ئەی بە چاووی خۆمان نەماندی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی (شەرقیە)دا وتی
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بەشێکە لە عێراق و هەولێریش ڕاستە پایتەختی هەرێمە !
بەڵام وەك بەغدا، بەسرە، موسڵ، شارێکی عێراقییە، کەرکوکیش هەروایە و شاری عێراقییە!
هەر دوا بە دوایی ئەو لێدوانەیی سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ ڕاوێژکارێکیشی بەناوی مەسعوود حەیدەر سوێند ئەخوات کە هەموویان عێراقین و شارە کوردیەکانیش عێراقین وەکو کورد ئەڵێ ئەم ماستە نەک موو بەڵکوو گورسێکی تێدایە !
کەواتە ئێمە ئێستا هەقی خۆمانە بپرسین
ئەی ئێوە نەبوون وتتان ئەبین بە دوو جیرانی باش لەگەڵ عێراقدا ؟
ئەبێ بڵێین ئێستا دوو جیرانی باشن یاخود عێراقیەکی باشن ؟!
ئەی ڕیفراندۆم بۆ چی بوو بۆچی کرا ؟
قسە زۆرە بۆ وتن بەڵام لە ئێستادا ئەوەندە بەسە!












Leave a Reply