سۆران غەفار – چالاکوان
تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێشڕەوی دەکات بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکان دەبەزێنێت، ئەم دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورکیا نەک بەتەنها پەلاماری سەربازی نییە، بەڵکو ڕۆژانە خەڵکی سڤیل و گوندنشینان دەکاتە ئامانج و هاوڵاتیانی بێتاوان دەکوژێت. هەروەها دەستدرێژییەکان لەوەش تێپەڕیوەو ئێستا دەستیان کردووە بە بڕینەوەی دارەکانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
بە شێوازێکی بەردەوام و بێڕەحمانە درەختەکان دەبڕنەوە و تاڵانی دەکەن و داری دارستانەکان دەگوازنەوە بۆ ناو تورکیا.
کەبەڕاستی ئەمە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە یاسا و سروشت و خاکی کوردستان، وە ئەگەر بە زوویی سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دانەنرێت، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کوردستان دەبێتە بیابانێک، ئەم کارەساتە ژینگەییە سروشتی نیشتمانەکەمان لەناو دەبات، وە لە هەمووشی تاڵتر، بێدەنگیی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراقیشە کە بوونەتە تەماشاکەر و هیچ هەڵوێستێکی جددی و سنوورێکیان نییە بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و بەزاندنی سنوور و تاڵانییە.
ئەم تێکدانی سەوزاییە دەبێتە هۆی دروستبوونی بیابانبوون لە هەرێم، ئەو دار بەڕووانە کە تەمەنییان سەدەها ساڵە سییەکانی سروشتی ناوچەکەن و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی داڕمانی خاک و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو و خێراکردنی دیاردەی بیابانبوون لە سەرانسەری ناوچەکە و لەناوچوونی دارستانەکان و لەناوچوونی ژیانی جۆرەها ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، وە بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تەماشاکەرە و هیچی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە، هەر بۆیە من لێرەوە داوا دەکەم دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو بێدەنگییەیان لە ئاست ئەو تاڵانکردن و لەناوبردنەی سروشتی کوردستان بشکێنن و دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەم تاوانانە دابنێن، ئەگینا من ڕێکاری مەدەنی دیکە دەگرمەبەر بۆ ئابڕووبردن و سکاڵاکردن لەسەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو ڕازیبوونە بەو تاڵانکردن و لەناوبردنی سرووشتی هەرێمی کوردستانە…














Leave a Reply