١٠٠ پەرلەمانتار، ١٠٠ کورسی بەتاڵ

بینراوە: (20)

ئاکۆ عوسمان عەلى

کاتێک لە دوورەوە تەماشای ناوچەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەیت، بینایەکی شکۆدار، سەرنجڕاکێش و مۆدێرن دەبینیت کە بە بەردی ڕەنگاورەنگ ڕازێنراوەتەوە و تەواوی هۆڵەکانی بۆ ئەرکی یاسادانان ئامادە کراون؛ لە ناو هۆڵەکەدا ١٠٠ کورسیی گرانبەها بۆ ١٠٠ پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی جەماوەر چێکراون، کۆمەڵێک پەیڕەوی ناوخۆیی زۆر ڕێکخراو هەن، دەقە دەستوورییەکان ئامادەن، و کۆمەڵێک پارت و لایەنی سیاسیی جیاوازیش ئامادەییان هەیە تا پرۆسەکە بەڕێوە ببن. کەچی سەرەڕای بوونی تەواوی ئەم ئامرازە ماددی و دامەزراوەییانە،

ئەم شوێنە تەلارسازییە مەزنە ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی، کارا و سەربەخۆ دەست بە کارەکانی بکات و ئەرکە نیشتمانییەکانی جێبەجێ بوبکات! لێرەدا مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت و دەبێت بە کۆدەنگی بپرسێت: لە بنەڕەتدا چی لەم دامەزراوە فەرمییەدا کەمە تا بتوانێت جووڵە بکات؟ گرفتەکە بێگومان نەبوونی بینا و تەلارەکان نییە، نەبوونی پەرلەمانتاران و کاندیدەکان نییە، کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان و دەنگدەران نییە، و تەنانەت کەمیی یاسا و ڕێنماییەکانیش نییە؛ بەڵکو ئەوەی بە تەواوەتی غائیبە و بوونی نییە، بریتییە لە “ئیرادەی سیاسیی ڕاستەقینە”ی دەستەبژێری دەسەڵاتدار بۆ ڕێگەدان بە کارکردنی دامەزراوەکان! لەم واقیبە تاڵ و پێکەنیناوییەدا، دەبێت ئەم ڕاستییە تەنزئامێزە ئاشکرا بوبکەین: “هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی بینایەکی زەبەلاح بۆ پەرلەمان، بەرپێش ئەوەی بتوانێت ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە بنەڕەتییە بونیات بنێت کە پێویست بوو تا پەرلەمانەکە بخاتە کار!”

ئەم ڕەوشە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداران حەز دەکەن ڕواڵەتی دیموکراسی و دامەزراوەیی بپارێزن و بە جیهانی دەرەوەی بنوێنن، بەڵام لە قووڵاییدا ترسیان لە سەروەریی یاسا و دادپەروەریی ئیداری هەیە. کاتێک حیزب دەست بەسەر ئیرادەی سیاسیی پەرلەماندا دەگرێت، تەنانەت ئەگەر هەزاران کورسیی زێڕینیش لە ناو هۆڵەکەدا دابنرێن، هیچیان ناتوانن شەرعییەت بە پرۆسەیەک ببەخشن کە سەربەخۆیی لێ داماڵراوە. کێشەی بنەڕەتیی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک نەبوونی توانای ئیداری، نەبوونی شارەزایی یان نەبوونی بینای شایستە نییە، بەڵکو تەنیا و تەنیا نەبوونی ئامادەیی و ویستی سیاسیی سەرکردەکانە تا ڕێگە بدەن دامەزراوە نیشتمانییەکان بەبێ هەژموونی حیزبی و بێ فەرمانی مەکتەبی سیاسی، ئازادانە کارەکانی خۆیان بەڕێوە ببن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 120 Today: 3,420 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.