بەڕێوەبردنی بەردەوامی قەیرانەکان

بینراوە: (216)

ئەحمەد جەلال ئەحمەد

ساڵ لە دوای ساڵ، گفتوگۆ و مشتومڕە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی باسی داهێنان، گەشەپێدان و باشترکردنی کوالیتی ژیان بکەن، لەناو بازنەیەکی داخراو و دووبارەدا دەخولێنەوە: دواکەوتنی مووچە، گرانیی نرخی سووتەمەنی، بێکاریی گەنجان، نەبوونی کارەبای نیشتمانی و کێشە بێبڕانەوەکانی بودجە لەگەڵ بەغداد. ئەم بابەتانە نەبوونەتە مێژوو، بەڵکو بوونەتە سەردێڕی هەمیشەیی ژیانی هاوڵاتیان. لە ژێر سایەی ئەم کابینەیەدا، شێوازێکی نوێ لە حوکمڕانی سەری هەڵداوە کە تێیدا لە جیاتی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی، تەواوی وزەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن تەرخان کراوە بۆ جۆرێک لە «پیشەسازیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان»؛ واتە هێشتنەوەی خەڵک لە دۆخی دڵەڕاوکێی بەردەوام و پاشان ڕوودانی ململانێی میدیایی بۆ پاساودانی دۆخەکە.

ئەم ستراتیژییە وای کردووە کە ئەو کێشە کاتییانەی دەبوو لە ڕێگەی یاسا و پلانی تۆکمەوە لە ماوەیەکی کورتدا بنەبڕ بکرێن، ئێستا ببنە سیفەت و خەسڵەتی هەمیشەیی و دانەبڕاوی خودی حوکمڕانی. کاتێک بابەتێکی وەک دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران یان دابەشکردنی نەوتی سپی لە زستاندا دەبێتە دۆسیەیەکی ئاڵۆزی پڕ لە دانیشتن و لێدوان، ئەمە نیشانەی تێکچوونی کاتیی سیستمەکە نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات ئارەزووی لەسەر ژیان لە ناو قەیراندا هەیە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شەقام بەرەو شەڕە لاوەکییەکان و دوورخستنەوەیان لە پرسیارە ڕاستەقینەکانی چاکسازی و شەفافییەت.

حەقیقەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە کە پێویستە بە ڕوونی دەستنیشان بکرێت: قەیرانێک کە چەندین ساڵە بەردەوام بێت و نەوە لە دوای نەوە باجی بدات، چیتر ناوی قەیران نییە؛ کاتێک کێشەیەک دەبێتە هاوڕێی هەمیشەیی ڕۆژانەی خەڵک و هیچ ئاسۆیەکی بۆ کۆتاییهاتن نابینرێت، ئەو کێشەیە لە چەمکە باوەکەی خۆی دەردەچێت و خۆی دەبێتە سیستم. ئەمەش مەترسیدارترین قۆناغی حوکمڕانییە، چونکە وەستان و پاشەکشە دەکاتە یاسای باوی وڵات و هاوڵاتیان ناچار دەکات لە جیاتی داواکردنی خۆشگوزەرانی، تەنیا خەونیان مانەوە بێت لە ژیاندا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 126 Today: 3,617 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.