هێمن غەریب ڕەحمان
بنیاتنانی دەوڵەتێکی کارا و خاوەن شەرعییەت لەسەر بنەمایەک دەست پێدەکات کە تێیدا یاساکان بە یەکسانی و بەبێ جیاکاری بەسەر تەواوی هاوڵاتیان، ڕێکخراوەکان و کارەکتەرە سیاسییە باڵادەستەکاندا جێبەجێ بکرێن، چونکە جەوهەری دەوڵەتمەداری لەوەدایە کە هیچ کەس و لایەنێک خۆی لە سەرووی یاساوە نەبینێت. لەم چوارچێوەیەدا، دۆسیەی چەکی بێمۆڵەت و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، تەنیا کێشەیەکی ئەمنی کاتی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی قووڵترە لەسەر پرسی دادپەروەری و یەکسانی لە جێبەجێکردنی یاسادا.
کاتێک هاوڵاتیی ئاسایی دەبینێت کە یاسا تەنیا بۆ لێپرسینەوە لە ئەو و کۆنترۆڵکردنی چەکە سووکەکەیەتی، لە کاتێکدا هێزە سیاسی و عەشایەرییە باڵادەستەکان خاوەنی چەکی قورس و کۆگای تەقەمەنین و لە دەرەوەی بازنەی لێپرسینەوەی دادگاکان دەمێننەوە، چەمکی “سەروەریی یاسا” بەها و ناوەڕۆکی خۆی لەدەست دەدات.
ئەم جێبەجێکردنە بژاردەییەی یاسا، درزێکی قووڵ لە نێوان شەقام و دەسەڵاتدا دروست دەکات، متمانەی گشتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەتەواوی دادەماڵێت، و ژینگەیەک بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا هێز و هەژموون دەبنە تاکە زامنی مانەوە، نەک ماف و یاسا. بۆیە، گەورەترین و گرنگترین تەحەدا لەبەردەم هەر پرۆژەیەکی ڕاستەقینەی دەوڵەتمەداریدا ئەوەیە کە بسەلمێنێت هێزی یاسا لە هێزی چەک و هەژموونی حیزبی بەهێزترە، چونکە تا کاتێک کە نەتوانرێت یەک یاسا بەسەر هەمواندا بەبێ جیاکاری بسەپێنرێت، دەوڵەت تەنیا وەک چوارچێوەیەکی لاواز دەمێنێتەوە کە ناتوانێت پارێزگاری لە مافی هاوڵاتیانی بکات و ڕێگری لە پشێوی بەردەوام بکات.













Leave a Reply