مووچە وەک چەکێکی سیاسی

بینراوە: (6.6K)

محمد ئەمجد قادر

وەک دوو قومارچی کە لەسەر مێزێک دانیشتوون و پارەی یارییەکەیان لە گیرفانی کەسێکی تری لاواز دەردەهێنن؛ بەغدا و هەولێریش بەمجۆرە یاری بە چارەنووس و بژێویی زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دەکەن. کاتێک مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک دەبێت مانگانە چاوەڕێی کۆبوونەوەی لیژنەکان و لێدوانی وەزیرەکان بکات تەنها بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەم مانگە پارەی کرێی خانوو و نانی منداڵەکەی پێدەدرێت یان نا، ئێمە درک بەوە دەکەین کە مووچە لێرە ئیتر مافێکی سەرەتایی بەرامبەر بە ماندووبوون نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی سیاسی و سزایەکی بەکۆمەڵ. لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا، بڕینی مووچەکان لەلایەن بەغداوە بە پاساوی ڕادەستنەکردنی داهات و ناکۆکی لەسەر نەوت ، جارێکی تر ئەو ڕاستییەی سەلماند کە کەرامەتی هاوڵاتیی کورد تەنها کارتێکی فشارە لە دەستی دوو دەسەڵاتی دۆڕاودا.

ئەم قەیرانە درێژخایەنە، بەرهەمی قەدەری جوگرافی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو زەلکاوە ئابوورییەیە کە ئەم دوو لایەنە دروستیان کردووە. لە لایەکەوە، بەغدا کە خۆی بە نوێنەری دەوڵەت دەزانێت، مووچەی خەڵک وەک چەکێکی برسیکردن بەکاردەهێنێت ، و لە لایەکی تریشەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم کە ساڵانێکە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکانیان وەک موڵکی تایبەتی بنەماڵەکانیان بەکارهێناوە، ئێستا کە مایەپووچ بوون، دەچنە پشتی خەڵکەوە دەشارێنەوە و دەیانەوێت بێدەسەڵاتیی خۆیان بە ناوی “بەرگری لە قەوارەی هەرێم” بفرۆشنەوە بە خەڵک.

(وەک چۆن فرێدریک دۆگلاس دەڵێت: “دەسەڵات بەبێ داواکردن و فشار هیچ شتێک دەستبەردار نابێت، لە ڕابردوودا نەیویستووە و هەرگیزیش نایەوێت”) — ئەمەش هەمان ئەو واقیعەیە کە لە یۆنانی دوای قەیرانی قەرزەکاندا ڕوویدا، کاتێک حکومەتە گەندەڵەکان ئابووریی وڵاتیان وێران کرد، بەڵام باجەکەیان بەسەر چینی کرێکار و فەرمانبەردا سەپاند و ناچاریان کردن باجی هەڵەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار بدەن. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە سیاسەتمەدارەکانی یۆنانیش سەیرترن؛ ئەوان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی واژۆکردنی گرێبەستی نەوتی و غازیی ملیۆن دۆلارین بۆ کۆمپانیاکانی خۆیان ، بەڵام کاتێک دێتە سەر دابینکردنی بژێویی خەڵک، دەبنە هەژارترین حکومەتی دونیا و چاوەڕێی دەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.

ئەم سیاسەت کە لە هەولێر و بەغدا حوکمڕانی دەکەن، شارەزای دروستکردنی تەماشاگەرییەکی مەدەنیی بێوێنەن؛ لەسەر شاشەکانەوە بەیاننامەی ئیدانەکردن دژی یەکتر دەردەکەن و یەکتر بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن ، بەڵام لە واقیعدا هەردووکیان هاوبەشن لەو چەتەگەرییەی کە ژیانی خەڵکی پێ ئیفلیج کراوە. ئەوان دەیانەوێت فەرمانبەرانی کوردستان نەک تەنها برسی ببن، بەڵکو هێندە لە ژیانی ڕۆژانەدا نغرۆ ببن کە هەرگیز کاتی ئەوەیان نەبێت بیر لە لێپرسینەوە و گۆڕینی ئەم سیستەمە بکەنەوە. ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتییانەی کە مامۆستایان و فەرمانبەران دەیکەن ، تەنها داوای پارە نییە، بەڵکو هاوارێکە دژی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکدا.

ئەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماندووی ئەم نیشتمانە، کە ڕۆژانە باجی ئەو شەڕە تاڵانکارییە دەدەن کە لە نێوان چەند بنەماڵە و گروپێکی سیاسیی هەولێر و بەغدادا دەگوزەرێت؛ ئەم دەسەڵاتانە لە دەنگی ناڕەزایەتی و یەکگرتوویی ئێوە دەترسن زۆر زیاتر لەوەی ئێوە لە بڕینی مووچەکانتان بترسن. ئەگەر ئەوان لە شەرعیەتی خۆیان دڵنیابوونایە، نەیاندەویست نانی منداڵەکانتان بکەنە کارتی دانوستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان. حکومەتێک (چ لە بەغدا بێت یان لە هەولێر) کە توانای جیاکردنەوەی ژیانی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکانی نەبێت، پێشتر شەرعیەتی حوکمڕانی دۆڕاندووە  و تەنها هەنگاوێکی بوێرانە و فشاری بەردەوامی ئێوەیە کە دەتوانێت کۆتایی بەم قومارە قێزەونە بهێنێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 181 Today: 1,578 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.