هێمن باقی – چالاکوان
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی لە باشووری کوردستان، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) لەبری ئەوەی مۆدێلێکی پێشکەوتووی دیموکراسی پێشکەش بکەن، هەرێمەکەیان ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی قووڵ کردۆتەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە.
گەورەترین ڕەخنە لەم دوو حیزبە، دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داهاتەکانە (نەوت، گاز، و خاڵە سنوورییەکان). داهاتی گشتی لەبری ئەوەی بۆ خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری خەرج بکرێت، زۆرجار بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و کۆمپانیا سێبەرەکانی سەر بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بەکارهێنراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جیاوازییەکی چینایەتی گەورە و سیستەمی دوو ئیدارەیی و پارچەبوونی هێزی چەکدار لەدەست دوو بنەماڵە،
هەرچەندە باس لە حکوومەتێکی یەکگرتوو دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا هەرێم دابەشبووە بەسەر “زۆنی زەرد” و “زۆنی سەوز”. وە هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان لەبری ئەوەی نیشتمانی بن، هێشتا سەر بە مەکتەبی عەسکەریی حیزبەکانن، ئەمەش مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر سەقامگیری و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی ململانێی چەکداری.
لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبەدا، ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین پاشەکشەیەکی مەترسیداری بەخۆوە بینیوە. زیندانی کردنی چالاکوانان و فشار خستنە سەر دەنگە ناڕازییەکان، وێنەیەکی نەرێنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ هەرێم دروست کردووە هەروەها
دوای سی و پێنج ساڵ هێشتا هاووڵاتیانی هەرێم لە قەیرانی بێکارەبایی، بێئاوی و نەبوونی سیستەمێکی تەندروستی شایستەدا دەژین، ئەمانە نەک تەنها داهاتووی نەوەکانی داهاتوو دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو قەوارەی هەرێمەکەش لە ناوخۆ و دەرەوە لاواز دەکات.













Leave a Reply