دابان ئیبراهیم عەبدوڵا
وەک پردێک کە سەرەتا تەنها پەنجەرە و نەخشەکانی دەرەوەی دەڕووخێت و دەسەڵات دەڵێت کێشە نییە، بەڵام کاتێک کۆڵەکە سەرەکییەکانی پۆڵا و کۆنکرێت دەست دەکەن بە درزبردن و کەوتنە خوارەوە، ئیتر هەمووان دەزانن کە پردەکە بەتەواوی داڕماوە؛ قەیرانی شەرعیەتی هەرێمی کوردستانیش ڕێک گەیشتووەتە ئەم قۆناغە مەترسیدارە. کاتێک ناڕەزایەتییەکان لە کۆڵانەکان و لەلایەن گەنجانی بێکارەوە دەکران، دەسەڵات بە ئاسانی بە ناوی “تێکدەر” سەرکوتی دەکردن، بەڵام ئێستا کە چینی پیشەیی — وەک پزیشکان، مامۆستایانی زانکۆ، و کارمەندانی تەندروستی — هاتوونەتە سەر شەقام و نەخۆشخانە و خوێندنگاکانیان چۆڵ کردووە ، قەیرانەکە چووەتە فازێکی تەواو نوێوە. ئەمە ئیتر خۆپیشاندانی برسییەکان نییە؛ ئەمە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە لە نێوان عەقڵی وڵات و حوکمڕانەکانیدا.
چینی پیشەیی لە هەر کۆمەڵگایەکدا، پارێزەری سەقامگیری و ستوونی بڕبڕەی پشتی دەوڵەتن. ئەوان بە سروشتی خۆیان پارێزگارن و مەیلیان بۆ تێکدانی سیستەم نییە. بەڵام کاتێک دەبینین لە كوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ پزیشکی نیشتەجێ لە ڕۆژانی جەژندا نەخۆشخانەکان جێدەهێڵن بۆ داواکردنی مافی دامەزراندنی هاوپیشەکانیان ، و مامۆستایان مانی مانگرتن لە خواردن دەگرن و ڕەتیدەکەنەوە چارەسەری پزیشکی وەربگرن تا دەگەنە لێواری مەرگ ، ئێمە دەبێت تێبگەین کە متمانە بە دەوڵەت گەیشتووەتە خاڵی سفر. دەسەڵات هێندە ئەم چینەی چەوساندووەتەوە کە ئیتر ئەوان مانەوەی سیستەمەکە وەک مەترسییەک بۆ سەر کەرامەت و پیشەکەیان دەبینن.
“قەیرانی ڕاستەقینە ئەوکاتە ڕوودەدات کە دەسەڵات ئیتر ناتوانێت بە لۆژیک و پاساو ڕەزامەندیی خەڵک بەدەست بهێنێت، و ناچار دەبێت تەنها پشت بە هێزی ڕووت ببەستێت” ئەمەش ڕێک هەمان ئەو گۆڕانکارییە مێژووییەیە کە لە سودانی سەردەمی عومەر بەشیردا ڕوویدا، کاتێک شۆڕشەکە لەلایەن “کۆمەڵەی پیشەییەکانی سودان” (پزیشکان، ئەندازیاران و پارێزەران)ەوە سەرکردایەتی کرا. بەشیر دەیتوانی گەنجانی گەڕەکە هەژارنشینەکان بکوژێت بەبێ کاردانەوەی گەورە، بەڵام کاتێک پزیشکەکان بە جلی سپییەوە هاتنە سەر شەقام، شەرعیەتی دەسەڵاتەکەی لە ناوخۆ و دەرەوە بەتەواوی داڕما. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لە بەشیریش نابیناترن؛ لەبری گوێگرتن لەم چینە نوخبەیە، ئەوان هێزی ئەمنی دەنێرن بۆ دەستگیرکردنی مامۆستایان لە نیوەشەودا و ڕێگری لە گردبوونەوە ئاشتییانەکانیان دەکەن. ئەوان دەیانەوێت پزیشک و مامۆستاش وەک تاوانبار مامەڵە بکەن.
ئەم دەسەڵاتە لە جلی سپی و قەڵەمەکانی ئێوە دەترسێت زۆر زیاتر لەوەی لە هەر هێزێکی چەکدار بترسێت. ئەگەر ئەوان لە شەرعیەتی خۆیان دڵنیابوونایە، نەیاندەویست بە کەلەپچە و دەستگیرکردنی نیوەشەو وەڵامی داواکارییە پیشەییەکانتان بدەنەوە. سیستەمێک کە پەروەردەکار و چارەسەرکارەکانی خۆی بخاتە زیندان یان ناچاریان بکات لە برسا بمرن ، پێشتر مەرگی خۆی ڕاگەیاندووە — و تەنها هەنگاوی یەکگرتووی ئەم چینە هۆشیارەیە کە دەتوانێت بزماری کۆتایی لە تابووتی ئەم حوکمڕانییە شکستخواردووە بدات!















Leave a Reply