سەروەر عارف ڕەسوڵ
کاتێک مێژووی حوکمڕانیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەخوێنینەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەم دوو هێزە لە هیچ شتێکدا هێندەی “دابەشکردنی شکست و تاڵانکاری” سەرکەوتوو نەبوون. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، کاتێک سیستەمی فیفتی-فیفتی (٥٠ بە ٥٠)یان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات داهێنا ، لەبری ئەوەی دەسەڵات لە پێناو خزمەتی هاووڵاتی و دامەزراوەییکردنی هەرێمدا دابەش بکەن، نیشتمانیان وەک کێکێکی ئابووری و ئەمنی لە نێوان دوو زۆن و دوو بنەماڵەدا دابەش کرد. ئەمڕۆش ئەم دوو حیزبە، سەرەڕای هەموو شەڕە قسە و ململانێ میدیاییەکانیان ، لە یەک ئەنجامدا یەکدەگرنەوە: داڕمانی ئابووریی خەڵک، لەدەستدانی کەرکووک، و تەسلیمکردنەوەی سەروەریی هەرێم بە بەغدا
(وەک چۆن نووسەری فەرەنسی، ئۆنۆرێ دێ بالزاک دەڵێت: “لەپشت هەر سەروەتێکی گەورەی کتوپڕەوە، تاوانێکی شاراوە هەیە.” ئەمڕۆش سەروەتی خەیاڵیی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی بە زەبری تاڵانکردنی بودجە، قۆرخکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، و دزینی قوتی مووچەخۆران کۆکراوەتەوە، لە کاتێکدا هەردوولا بە ڕێککەوتن بێدەنگییان لە دزیکردنی یەکتر کردووە). ئەوان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا خۆیان وەک دوژمنی سەرسەختی یەکتر نیشان دەدەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، بەڵام کاتێک دێتە سەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا، داهاتی نەوت، و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، دەبنەوە بە دوو هاوبەشی دڵسۆز لە یەک کۆمپانیای گەورەی مافیاییدا. بێتوانایی ئەم دوو حیزبە لە ڕێککەوتن لەسەر پرسە نیشتمانییەکان (وەک پرسی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت)، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندیی حیزب لای ئەوان زۆر لە مانەوەی قەوارەی هەرێم پیرۆزترە
شکستی ئەم دوو حیزبە گەیشتووەتە ئاستێک کە دادپەروەرییان لەم وڵاتەدا کوشتووە و یاسایان کردووەتە پاشکۆی ئیرادەی چەکدارەکانیان. یاساکان ڕێک وەک تەونی جاڵجاڵۆکەن؛ مێشوولە و زیندەوەرە لاوازەکان دەگرن، بەڵام زیندەوەرە گەورە و بەهێزەکان دەیپسێنن و دەرباز دەبن. ئەمڕۆش بەرپرسە فەنتەڵۆسەکانی پارتی و یەکێتی ڕۆژانە تەونی یاسا دەپسێنن، قاچاغچێتی دەکەن و هێزی چەکدار بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکانیان بەکاردەهێنن ، بەڵام ئەگەر مامۆستایەک داوای مووچەکەی بکات، ڕاستەوخۆ بە یاسای “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” زیندانی دەکرێت.
ئەوان دادگاکانی هەولێر و سلێمانییان کردووەتە لقێکی مەکتەبی سیاسیی خۆیان، تا ڕەوایەتی بە سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد بدەن.
















Leave a Reply