کاتێک زیندان دەبێتە ئاوێنەی شکۆ..!

بینراوە: (1)

سۆران عەلی – چالاکوان

لە فەرهەنگی ستەمکاراندا، چەمکی “تاوان” پێناسەیەکی جیاوازی هەیە؛ هەر کەسێک مێشک و زمانی بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی هاوسەنگیی زوڵم، بە تاوانبار دەناسرێت. بەڵام ڕاستییەکی مێژوویی هەیە کە دەڵێت. هەندێک بەندینخانە هەن، پیرۆزییان لە پەرستگاکان کەمتر نییە، چونکە دیوارەکانیان شایەدی تەنها یەک شت بوون، ئەویش “قبوڵنەکردنی نادادی” بووە.

ئەو کەسەی بەهۆی ڕەتکردنەوەی زوڵمەوە دەخرێتە بەندیخانە، لە ڕاستیدا جەستەی لەدەست دەدات بەڵام ویژدانی ڕزگار دەکات. زیندان بۆ ئەم جۆرە کەسانە شوێنی پەیمان نوێکردنەوەیە، نەک پەشیمانی. مرۆڤی ئازا دەزانێت کە “بەڵێ” گوتن بۆ زاڵم، زیندانێکی گەورەترە کە هەموو تەمەنی تێدا بەسەر دەبەیت، بەڵام “نا” گوتن، تەنها بۆ ماوەیەک جەستەت سنووردار دەکات.

دیواری سارد و ویژدانی گەرم

مەرج نییە هەرکەس کەلەپچە لە  دەستی درا مرۆڤێکی خراپ بێت. زۆرجار ئەوانەی لە پشت شیشەکانن، پاکترین مرۆڤەکانی شارن. ئەوان تاوانەکەیان ئەوە بوو کە نەیانتوانی وەک ئەوانی تر “سەریان دابخەن” تا زوڵم تێپەڕێت.

ئەوان نەیانویست ببنە بەشێک لەو چەپڵە لێدانە کە بۆ زاڵم دەکرێت. زیندان بۆ ئەوان نەبووەتە شوێنی شکاوی، بەڵکو بووەتە سەنگەرێک کە تێیدا سەلماندیان مرۆڤ دەکرێت بخرێتە قەفەس، بەڵام بیری ئازاد هەرگیز  لەناو ناچێت زیندانی ویژدان جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان “زیندانییەک کە مافی خەڵکی خواردووە یان بکوژی کەسێک بێت.وە زیندانییەک کە ناهێڵێت مافی خەڵک بخورێت”.

  لەو شوێنەی دادپەروەری تێدا نییە، شوێنی مرۆڤی بەشەرەف ناو زیندانە، چونکە دەرەوە تەنها بۆ ترسنۆک و ستەمکاران جێگەی دەبێتەوە.

 ئازادیی ڕاستەقینە؛ ئازادی ئەوە نییە بە جەستە لە دەرەوە بیت، بەڵکو ئەوەیە کە ناخت بە کۆیلەیی نەژیت. 

مەڵێ تاوانبارە، چونکە لە زینداندایە، زۆر یوسف هەن، تەنها لەبەر پاکی لەوێدان…ئەو لێرەیە، چونکە نەیویست ببێتە سێبەری زاڵم، چونکە پشتی بۆ غەیری حەق، دانەواند بەرامبەر زوڵم.

 جیاوازی نێوان “تاوان” و “هەڵوێست”

تاوانبار ئەو کەسەیە کە مافی کەسانی تر پێشێل دەکات بۆ بەرژەوەندیی خۆی. بەڵام زۆرێک لە زیندانیان، بە تایبەت زیندانیانی سیاسی و بیروڕا، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا لە ئازادیی خۆیان بێبەش کراون. مرۆڤ دەکرێت لەناو ژوورێکی بچووکدا بێت بەڵام بیرکردنەوەی لە ئاسمان فراوانتر بێت، و دەشکرێت لەناو کۆشکدا بێت بەڵام کۆیلەی ترس و بەرژەوەندییە گڵاوەکانی بێت.

هەندێک کەس لە پشت شیشەکانەوە ئازادن، چونکە ڕۆحیان نایەوێت ڕادەستی زوڵم بێت، و هەندێک کەسیش لە دەرەوە زیندانین، چونکە بوێریی وتنی ڕاستییەکیان نییە.

زیندان تەنها دیوار و دەرگایەکی داخراو نییە، بەڵکو هەندێک جار تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مرۆڤایەتییە. کاتێک دەبینین کەسێکی بەڕێز و خاوەن بڕوا لە زینداندایە، پێویستە لەجیاتی گومان، سەیری ئەو سیستمە بکەین کە ئەوی تێدا بەند کردووە. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە دادپەروەری ون دەکات، نەک ئەو کەسەی لەپێناو دادپەروەریدا دەستگیر دەکرێت.

 کاتێک زیندان دەبێتە مەدالیای شانازی

لە مێژووی مرۆڤایەتی.  زۆرجار مرۆڤەکان دەخرێنە زیندان تەنها لەبەر ئەوەی “پێش کاتی خۆیان” لە ڕاستییەکان تێگەیشتوون. کاتێک “نا” وتن دەبێتە تاوان

لە سیستمە دیکتاتۆرەکاندا، گەورەترین تاوان بیرکردنەوەیە. کاتێک دەسەڵات ناتوانێت وەڵامی لۆژیک و بەڵگە بداتەوە، پەنا بۆ دیوارەکان دەبات. لەوێدا، زیندانیکردنی کەسێکی بێتاوان، نیشانەی هێزی سیستمەکە نییە، بەڵکو نیشانەی ترسی سیستمەکەیە لە ڕاستی.  

زۆر کەس لە دەرەوەی زیندانن، بەڵام کۆیلەی ترسن، کۆیلەی پارەن، یان بێدەنگن لە ئاست زوڵمدا. ئەمانە لە زیندانێکی گەورەتردا دەژین کە سنوورەکەی “بەرژەوەندییە”. بەڵام ئەو کەسەی لە زینداندایە و ئامادە نییە سازش لەسەر ڕاستی بکات، ئەو مرۆڤە لە ناوەوەیدا تەواو ئازادە. وەک دەوترێت هیچ دیوارێک ناتوانێت ڕێگری لە فڕینی بیرۆکەیەک بکات، شاعیر و نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاکوانان کە تەنها بە وشە لەرزیان خستووەتە ناو دڵی ستەمکاران.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 61 Today: 3,387 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.