هەناسەش دەبێت بە پارە!

بینراوە: (1.5K)

ڕاژان ئەحمەد

هەناسەش دەبێت بە پارە!

دکتۆر سەباح بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند کە لە هەفتەی داهاتوو هەموو جۆرە نەشتەرگەریەکی گشتی لە نەخۆشخانە حکومیەکان دەوەستێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە نەخۆشخانە حکومیەکان ڕوو بەڕووی کەمی کەرەستەی پزیشکی و تێچووی نەشتەرگەری بوونەتەوە کە بەو هۆیەوە ناتوانن هیچی تر نەشتەرگەری ئەنجام بدەن.

هۆکارەکانی دەرچوونی ئەم بڕیارە ڕوون و ئاشکرایە کە بەرپرسیانی هەرێم دەستیان چۆتە بەشە بودجەی نەخۆشخانەکان و وەکو پێویست ناتواندرێت کەل و پەلی پزیشکی دابین بکرێت.

چەند شەرمە بۆ دەسەڵاتێک کە دەستی
بچێتە پارەی نەخۆشخانەکان و بەتەواوی کار کردن تیایدا پەکبخات،دەبێت چی چاوەڕێ لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بکەین کە ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن لە کاتێکدا بەهۆی ئەو بڕیارەوە ژیانی هەزاران هاوڵاتی دەکەوێتە مەترسیەوە!

ئەم بڕیارە پێمان دەڵێت ئەگەر دەتەوێت بژیت؟ ئەگەر دەتەوێت هەناسە بدەیت؟ ئەوا پێویستە لە نەخۆشخانەتایبەتەکان نەشتەرگەری ئەنجام بدەیت بە بڕە پارەیەکی زۆر لە کاتێکدا زۆربەی نەخۆشخانە تایبەتەکان هی بەرپرسە حکومی و حیزبیەکانە.

هەرێمی کوردستان هەموو ڕۆژێک قەیرانێک ڕوو بە ڕووی دەبێتەوە لە سایەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەوە بەلام مەترسی لەسەر کەرتی تەندروستی مەترسیەکی زۆر گەورە دروست دەکات و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 50 Today: 2,757 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.