بۆچی دەنگ بدەین؟

بینراوە: (5)

فەرمان یاسین

کاتی خۆی هاووڵاتییەکی ئاسایی بەوپەڕی بڕواوە دەچووە سەر سندوقی دەنگدان، چونکە بڕوای وابوو پەنجەمۆرەکەی هاوکێشەی دەسەڵات دەگۆڕێت؛ ئەو حیزبێک یان کاندیدێکی هەڵدەبژارد بەو هیوایەی پەرلەمانێکی کارا، کابینەیەکی خزمەتگوزار، یاسای بێلایەن و لێپرسینەوەی بەرهەم بێت، کەچی ئەوەی لە واقیعدا دەستگیرت دەبێت تەنیا تەماشاکردنی مانگەکانە لە دانوستانی بێئاکام و گەمەی سیاسی. ئەگەر بەدوای ڕێنمایی بەکارهێنانی “دیموکراتیی کوردی”دا دەگەڕێیت، زۆر سادەیە: هەنگاوی یەکەم دەنگ بدە، هەنگاوی دووەم چاوەڕێ ببه، هەنگاوی سێیەم تەماشای دانوستانی درێژخایەنی حیزبەکان بکە، هەنگاوی چوارەم زیاتر چاوەڕێ ببه، هەنگاوی پێنجەم گوێ لە بەڵێنێکی نوێ بگرە، و لە هەنگاوی شەشەمدا بڕۆ دووبارە دەنگ بدەرەوە!

ئەم قەیرانە سیاسییە بەردەوامە ڕۆژ بە ڕۆژ وانەیەکی تاڵ فێری هاووڵاتی دەکات؛ ئەویش ئەوەیە کە دەنگەکەی لەم مەملەکەتەدا هیچ ئاڕاستەیەک ناگۆڕێت و تەنیا بڵقێکی سەر ئاوە. لەم شانۆگەرییەدا، گەورەترین و مەترسیدارترین زیان تەنیا چۆڵبوونی کورسییەکانی پەرلەمان یان دانەنانی وەزیرەکان نییە، بەڵکو کوشتنی بڕوای ئەو هاووڵاتییەیە کە دەگاتە ئەو قەناعەتەی ئیتر دەنگەکەی بەهای نییە و بوونی لە پرۆسەکەدا تەنیا خۆخڵەتاندنە. کاتێک متمانەی گشتی بەم شێوەیە دەپووکێتەوە، ئیتر پرسیاری “بۆچی دەنگ بدەین؟” دەبێتە گرانبەهاترین و بێوەڵامترین پرسیار کە ڕووبەڕووی سیستەمێکی سیاسی بێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 195 Today: 3,074 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.