یارییەکە هەر بەردەوامە!

بینراوە: (2)

کاکە جوان ئەحمەد پیرۆت

لە مەملەکەتێکدا کە نەک تەنها پەرلەمانێکی کارا لە گۆڕێدا نییە، بەڵکو حکومەت وەک قەوارەیەکی یاسایی پەکخراوە و چەمکی لێپرسینەوەش بە تەواوی لە فەرهەنگی دەسەڵاتدا سڕدراوەتەوە، شانۆی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ڕێوەبردنی سێرکێکی بێپچڕاو و بێکۆتایی دەچێت؛ لەم نمایشە ڕۆژانەیەی کە دەسەڵاتداران بۆ جەماوەری دەگێڕن، ئاراستەی حوکمڕانی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ کۆمیدیایەکی ڕەشی پڕ لە ماسک و جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ، کە تێیدا هەموو ڕۆژێک دەرهێنەرەکان ناوی کارەکتەرەکان و دەستەواژەی دروشمەکان دەگۆڕن بێ ئەوەی لە بنەڕەتدا هیچ شانۆگەرییەک یان ناوەڕۆکێکی نوێ بوونی هەبێت. کابینەکەی مەسرور بارزانی لەم سێرکە مەزنەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت؛

جارێک بە ناوی «چاکسازیی ڕیشەیی» و جارێکی تر بە دروشمی «پڕۆژەی ڕووناکی و گەشەپێدان» پەردەکە لەسەر تەختەی شانۆ ڕادەکێشێت، لە کاتێکدا لە پشت پەردەکانەوە، مووچە دەخورا، خزمەتگوزاری وێرانە و هاوڵاتی لە ژێر باری قورسی قەیرانەکاندا دەخنکێن. خەڵک وەک بینەرێکی ناچار سەیری ئەم نمایشە بێپێزە دەکەن، دەزانن کە چیتر هیچ هیوایەک بەو ئەکتەرانە نەماوە کە لە جیاتی چارەسەر، تەنها فێڵ لە کات دەکەن و بە درۆکردنی بەردەوام تەمەنی قەیرانەکان درێژتر دەکەنەوە. ئەم سێرکە سیاسییە بێبایەخە تەنها یەک ڕاستی بەڕووی هەمواندا دەداتەوە کە لە کۆتایی هەر نمایشێکی شکستخواردوودا دەردەکەوێت: نمایشکارەکان جلوبەرگیان دەگۆڕن. بینەرەکان هەر بەبێئومێدی و توڕەیی دەمێننەوە. کێشەکانیش هەر وەک خۆیان بە نەگۆڕی دەمێننەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 70 Today: 2,644 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.