محمد موراد
لەم وڵاتەی ئێمەدا، کاتژمێرەکان تاکە شتێکن کە بێ فەرمانی حیزب کار دەکەن. عقارەبی کاتژمێر لە چاوەڕوانیی هیچ ڕێککەوتنێکی ژوورە داخراوەکاندا ناوەستێت، بەڵام پێدەچێت سیاسەتمەدارانی ئێمە کاتژمێرێکی جیاواز لە دەستیاندا بێت، کاتژمێرێک کە تەنها لە کاتی دابەشکردنی پۆست و دەسەڵاتدا تیکەی دێت و کار دەکات!
مانگەکان تێدەپەڕن… پەرلەمان لە چاوەڕوانیدایە وەک چایخانەیەکی بێ کڕیار. پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لەناو کۆبوونەوە بێئەنجامەکاندا خەریکە مووی سپی دەبێت. هاوڵاتی لە سەرەی نانەواخانەی بێئومێدیدا وەستاوە و چاوەڕێیە. فەرمانبەری دەوڵەت، کە بووەتە پاڵەوانی درامایەکی تراژیدی، چاوەڕێی مووچەیە. مامۆستاش، ئەو کەسەی بڕیاربوو نەوەیەک پێبگەیەنێت، هێشتا چاوەڕێی بەڵێنە باق و بریقەکانی سەردەمی هەڵبژاردنە. هەموان لەم وڵاتەدا بووینەتە پسپۆڕ لە زانستی “چاوەڕوانی”، بەڵام بێ بڕوانامە!
ئەوەی جێگەی پێکەنینێکی تاڵە، ئەو ڕاستییەیە کە کاتێک ئەم شۆفێرانەی شەمەندەفەری سیاسەت لە کۆتاییدا دەگەنە وێستگەی “ڕێککەوتن” و مژدەی دروستبوونی حکومەت دەدەنە خەڵک، ڕەنگە هاوڵاتییان خەریکی پاککردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بن بۆ هەڵبژاردنێکی تر! واتا حکومەتێک، هێندە درەنگ لەدایک دەبێت، کە ڕاستەوخۆ دەبێتە پیرەمێردێکی پەککەوتە و کاتی ئەوەیە خانەنشین بکرێت یان لە هەڵبژاردنێکی نوێدا بخرێتەوە ژێر گڵ.
قەیرانەکە لێرەدا چیتر پرسی “دواکەوتن” نییە. دواکەوتن واتا تۆ لە ڕێگایت و قەرەباڵغییەک ڕێگری لێ کردوویت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە سیستەمێکمان هەیە کە دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین مانگ لەسەر بەشکردنی کێکێکی دەسەڵات شەڕ و دانوستان بکات بەبێ ئەوەی ماندوو ببێت، کەچی کاتێک دێتە سەر دابینکردنی دڵنیایی و سەقامگیری بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییەکی سادە، تووشی سەکتەی مێشک و ئیفلیجی دەبێت.
حکومەتێک کە پێویستی بە نیوەی تەمەنی یاسایی خۆی هەبێت تەنها بۆ ئەوەی “پێک بێت”، ئایا دەتوانێت لە نیوەکەی تری تەمەنیدا وڵاتێک دروست بکاتەوە؟ ئەوانەی ناتوانن لەسەر دابەشکردنی چەند کورسییەک ڕێکبکەون، چۆن دەتوانن لەسەر دابینکردنی نان و ئازادی بۆ ملیۆنان مرۆڤ ڕێکبکەون؟ با تەنها چاوەڕێ بین، ڕەنگە تا ئەوان دەگەنە ڕێککەوتن، ئێمە کاتی ئەوەمان هاتبێت بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو لەبەر بکەینەوە!















Leave a Reply