کەرکووک لە نێوان کورسییەکەی بەغدا و بازاڕی سیاسەتی نهێنیدا

بینراوە: (104)

هەستیار بورهان – چالاکوان

زۆر کات فرۆشتن تەنیا لە بازاڕەکان و بە ئاشکرا ڕوو نادات بەڵکو قێزەونترین جۆری مامەڵە ئەو کاتانەیە کە لە پشت پەردە ڕەشەکانی سیاسەت و بە ئامێری سیاسەتی نهێنی ئەنجام دەدرێت و ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک کردی تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نەبوو بەڵکو بازرگانییەکی سارد و بێبەزەییانە بوو بە ناسنامەی شارێکەوە کە ساڵانێکی زۆرە خوێنی بۆ دەدرێت.

کاتێک پرسی سەرۆک کۆماری عێراق هاتە پێشەوە هەمووان چاوەڕێ بوون کەرکووک وەک هێڵی سوور و وەک سەنگەری پاراستنی مافە نەتەوەییەکان ببینرێت بەڵام یەکێتی لەبری ئەوەی کەرکووک بخاتە پێش هەموو شتێک شارەکەی خستە ناو سەبەتەی مامەڵە گەورەکەوە چونکە بۆ ئەوان کورسییەکەی کۆشکی سەلام لە بەغدا زۆر لە کەرکووک گرنگتر بوو و بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییەش یەکێتی پێویستی بە دەنگی لایەنە تورکمانەکان بوو لە پەرلەمانی عێراق و تورکمانەکانیش وەک هەر بازرگانێکی سیاسی دەنگی خۆیان بە خۆڕایی نەدا و بەهایەکی گەورەیان خواست کە ئەویش پۆست و دەسەڵاتەکانی کەرکووک بوو و یەکێتیش بێ دوودڵی ئەو بەهایەی پێدان.

ئەمە ئەو شوێنەیە کە خیانەتە سیاسییەکە تێیدا ڕوو دەدات کاتێک دەنگی کورد لە کەرکووک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی لە بەغدا پۆستت پێ بدرێت و پاشان ئەو پۆستە بەغداییە دەپارێزیت بەوەی کە پۆستە کارگێڕی و سیاسییەکانی ناو خودی کەرکووک بدەیتە لایەنی تر و بەم شێوەیە یەکێتی کەرکووکی کردە قوربانی تەنیا بۆ ئەوەی ناوێک لە بەغدا بۆ خۆی بپارێزێت و ئەمڕۆ کە دەبینین هاوسەنگییەکان لە کەرکووک بە زیانی کورد دەشکێنەوە و پێگەی لایەنەکانی تر لەسەر حیسابی کورد بەهێز دەکرێت پێویست ناکات بە دوای هۆکاری تردا بگەڕێین چونکە هۆکارەکە ڕوونە کە سەودایەکی نهێنی بوو و کورسییەک وەرگیرا بەرامبەر بە فرۆشتنی شکۆی سیاسی کورد لە کەرکووک و ئەمەش برینێکی قووڵە لە جەستەی شارەکە و مێژوو ئەوە لەبیر ناکات کە چۆن شارێکی گرنگ کرا بە پارەی وردە بۆ کڕینی دەنگی پەرلەمانتاران و کەرکووک نەفرۆشرا بە دووکاندارێکی ئاسایی بەڵکو بە ئامێری سیاسەتی نهێنی و لە پێناو بەرژەوەندییەکی تەسک و کاتی کرا بە قوربانی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 25 Today: 2,829 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.