چەمچەماڵ و ماری ئەنتوانێت..

بینراوە: (1.3K)

سەربەست سەعید ساڵح



ئاهـ و ناڵەی خەڵکی چەمچەماڵ لەو کارەساتەی هەفتەی رابردوو بەهۆی لافاوەکەوە گەیشتە زۆرینەی شار و شارۆچکە و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریش، لە غەززەوە کە خۆیان چەندین ساڵە بەدەست برسێتی و تونیەتی و جەنگەوە دەناڵێنن، کەمپینیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ خەڵکی چەمچەماڵ راگەیاندووە!

کەچی لە چەمچەماڵ شتێکی سەیرم بینی، هاوڵاتییەک دەگریا لە سەرمادا، کەچی پەیامنێری کەناڵە موهیمەکەی کوڕەکەی مەسرور بارزانی کە خەرجیی مانگانەی چەندین ملیۆن دۆلارە و بەپارەی ئەم میللەتە بەڕێوە دەچێت، بە هاوڵاتییەکەی دەوت  داوا لەخەڵک بکە هاوکاریت بکەن! ، ئەم قسەیە قسەیەکی شاژنە ماری ئەنتوانێتی فەرنسای بیرخستمەوە کە خەڵک دەگریان لە برسا و داوای نانیان دەکرد ئەویش پێی دەگوتن “ قەیچێکە نان نیە ، بسکیت بخۆن “ !

خەڵکی چەمچەماڵیش ماڵیان وێران بوە دارو نەداریان نەماوە پارە و ناوماڵ و ئۆتۆمبیل و گیانیشیان لەدەستداوە هاتون لەوێش شەڕە پەڕۆ و شەڕە رێکخراو دەکەن! ، ئەوان کارەساتێکی گەورەی سروشتیان بەسەرهاتوە دەیانەوێ ئەوەندەی تر ماڵوێرانیان بکەن و بە گریانی سەر شاشەکان سواڵ و صەدەقەیان بۆ کۆبکەنەوە!

ناهەقیان ناگرم، ئەوان دوای سی و پێنج ساڵ ئێستاش دوو کەناڵیان کردبێتەوە و ئێواران دوو برادەری مووچە چەور وەک کەو بەرامبەر یەک بخوێنن و نەپەرلەمان هەبێت نە حکومەت یاسایی بێت نە ئەنجومەنی پارێزگا هەبێت نە بودجە هەبێت نە مووچە هەبێت ، ئیدی چۆن توانای یان ئیرادەی ڕووبەڕووبونەوەی ئاوا کارەساتێکی سروشتیان هەیە ؟

خەڵک کەرامەتی هەیە مەیانخەنە سەرشاشە و هیچیان پێ مەفرۆشنەوە ، قەمسەڵەی پەیامنێرە ڕاقی و نانی گەرم و پیتزاو کەبابی ڕێکخراوەکانتانی ناوێت خۆ ئێوەش نەبن خەڵک وەک ئینسانیەت ئەمانە دەکات ، بەڵام پێم بڵێن وجودی ئێوە دەوری چیە؟ رۆژان رۆژی لەدوایە، نەمرین چارەنووسی ئێوەش دەبینین کە وەک شاژنە ماری و دارودەستەکەی دەکەونە بەردەستی خەڵک و تۆڵەی ٣٥ ساڵ زوڵم و ستەمتان لێ دەکەنەوە…

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 129 Today: 4,126 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.