مەحەمەد عبداڵڵە حسن
لە کایەی سیاسەت و دەروونناسیی جەماوەریدا، چەکێکی بێدەنگ، نادیار و زۆر مەترسیدار هەیە کە لە هیچ دەستوور، پەیڕەو، و دەقێکی یاساییدا ناوی ناهێنرێت، بەڵام لە واقیعی ڕۆژانەی حوکمڕانیدا بەهێزترین کاریگەری لەسەر بێدەنگکردنی کۆمەڵگە و ئیفلیجکردنی ئیرادەی گشتی بەجێدەهێڵێت؛ ئەو چەکە نادیارەش بریتییە لە «سیاسەتی ماندووکردن و شەکەتکردنی بەردەوامی جەماوەر» کە تێیدا ململانێ سیاسییە بێبەرهەمەکان هێندە درێژە دەکێشن و بە شێوەیەکی دەستکرد دووبارە دەکرێنەوە تا هاوڵاتی تەواوی وزەی دەروونی، هۆشیاریی مەدەنی، توانای بیرکردنەوە، و ئارەزووی خۆی بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکان بە تەواوی لەدەست دەدات. لە هەرێمی کوردستاندا، خەڵک ساڵانێکی درێژە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەمان زنجیرەی بێزارکەر، تاقەتپڕووکێن و بێمانا دەبنەوە: هەمان سەرکردە و بەرپرس بە هەمان دەموچاوی مۆڕ و گوتاری کۆنی نەگۆڕەوە لە شاشەی تەلەڤزیۆن و کەناڵە حزبییەکاندا دەردەکەون، هەمان لێدوانی سواو دەربارەی دیالۆگی نیشتمانی، دەرگای کراوە، تەبایی ناوماڵی کوردی، و یەکڕیزیی گەل بە گوێی خەڵکدا دەدەنەوە، هەمان بەڵێنی بێبنەما بۆ چارەسەری یەکجاریی کێشەی دێرینی کارەبا، کێشەی پاشەکەوت، لێبڕین و دواکەوتنی بەردەوامی مووچە، خاوێنکردنەوەی ژینگە، ڕێگاوبان، و ڕەخساندنی هەلی کاری شایستە بۆ گەنجان دەبەخشنەوە، و پاش چەند ڕۆژێکی کەمیش، هەمان ململانێی توندی حزبی لەسەر پشک، پۆست، زۆنی دەسەڵات، و کورسییە داهاتسازەکان لە سەرەتاوە دەستپێدەکاتەوە. ئەم سووڕە نەزۆک، تەمومژاوی و بێئاکامە وادەکات کە هاوڵاتی بە تێپەڕبوونی کات بەتەواوی شەکەت و ماندوو بێت، لە هەموو هەواڵێکی سیاسی و کۆبوونەوەیەکی دانوستانی درۆینە بێزار بێت، و ئیتر هیچ بایەخێک بەوە نەدات کێ دەبێتە سەرۆک، کێ پۆستی باڵای وەزیر وەردەگرێت، یان پەرلەمان چۆن بەڕێوە دەچێت و کەی دەرگاکانی بە ڕووی نوێنەرانی گەلدا دەکرێنەوە. لەم نێوەندەدا نوخبەی دەسەڵاتدار گەیشتوونەتە ئەو داهێنانە تەنزئامێز و سەیرەی کە دەتوانرێت بەم شێوەیە دابڕێژرێت: «سەرەتا بە گەرمی داوای سەبر، سنگفراوانی و ئارامگرتنیان لە خەڵک کرد، دواتر بە ناوی قەیرانە داراییەکانەوە داوای سەبری زیاتریان لێکردن، و لە کۆتاییشدا گەیشتنە کامڵترین و کاریگەرترین ستراتیژی سیاسی کە بریتییە لەوەی هێندە هاوڵاتیان ماندوو، بێتاقەت، شەکەت، و سەرگەردانی پەیداکردنی بژێوی بکەن تا کەس تەقەتی پرسیارکردن، بەدواداچوونی یاسایی، چاودێریکردن، ڕەخنەگرتن، و لێپرسینەوەی نەمێنێت!» کاتێک ماندووبوونی دەروونی باڵ بەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەدا دەکێشێت، یەکەمین قوربانی کە لە گۆڕەپانەکەدا بە تەواوی لەناودەبرێت چەمکی چاودێریی گشتی، هەڵوێستی مەدەنی، ئازادیی ڕادەربڕین، بەرەنگاربوونەوە، و لێپرسینەوەی جەماوەرییە؛ چونکە مرۆڤی شەکەت و بێئومێد کە لە سپێدەی بەیانییەوە تا درەنگانی ئێوارە بەدوای دابینکردنی نانی ڕۆژانە، کڕینی دەرمان، دابینکردنی ئاوی پاک، کارەبای مۆلیدەی گەڕەک، سووتەمەنی، گاز، و دانی کرێی مانگانەی خانوودا بە شەکەتی ڕادەکات، ئیتر ناتوانێت ناڕەزایەتی دەرببڕێت، لە شەقامدا دەنگ هەڵبڕێت، فشاری مەدەنیی کاریگەر دروست بکات، یان بەدواداچوون بۆ گەندەڵی، تاڵانکردنی زەوی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بکات. لەم دۆخە ناهەموار و تاریکەدا، ساردبوونەوەی سیاسی، بێهیوایی، و بێباکیی گشتی دەبێتە باشترین، پتەوترین و بەهێزترین قەڵغانی پارێزبەندی بۆ نوخبەی دەسەڵاتدار؛ پەردەیەکی زۆر ئەستوور کە لە پشتییەوە دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیاری تاکڕەوانە بدەن، داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە ئارەزووی حزبی دابەش بکەن، و یاساکان بە ئاسانی پەراوێز بخەن بەبێ ئەوەی ترسیان لە هیچ شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی شەقام، بەرپەرچدانەوە، فشاری دیپلۆماسی، یاخود لێپێچینەوەیەکی یاسایی و مەدەنی هەبێت، کە ئەمەش مەترسیدارترین جۆری کۆنتڕۆڵکردنی دەروونی و کۆمەڵایەتییە کە دەکرێت بەسەر گەلێکی ماندوودا بسەپێنرێت تا بە تەواوی بێدەنگ بێت و چارەنووسی خۆی ڕادەستی قەزا و قەدەر و بێئومێدییەکی بێکۆتایی بکات و لە چاوەڕوانیی ئایندەیەکی نادیاردا هەموو ڕۆژەکانی تەمەنی خۆی بەسەرببات و لە هەموو گۆڕانکارییەک بێهیوا ببێت.












Leave a Reply