کاتێک کۆمەڵگەیەکی هەژار دەکرێتە کڕیاری نمایشی ژیانی دەوڵەمەندەکان

بینراوە: (1)

ئارام جەمال خدر

لە وڵاتێکدا کە زۆربەی خێزانەکان لەژێر فشاری گرانبوونی بژێوی، نەبوونی دەرفەتی کار، و داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا ناڵاندوویانە، بەکاربهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا ڕۆژانە ڕووبەڕووی لافاوێک لە وێنە و ڤیدیۆی ژیانی خۆشگوزەرانی نوخبەیەکی کەم دەبنەوە. شاشەی مۆبایلی گەنجێک کە بەدوای سەرەتاییترین مافەکانی ژیاندا دەگەڕێت، پڕکراوە لە نمایشی ئۆتۆمبێلی گرانبەها، جلوبەرگی مارکە جیهانییەکان، سەفەری ڕەفاهیەت، و ئاهەنگی خەیاڵیی ئەستێرە دروستکراوەکان. ئەم بەرکەوتنە بەردەوامە تەنیا سەرقاڵکردنێکی ئاسایی یان بەسەربردنی کات نییە، بەڵکو دروستکردنی هاودژییەکی نامۆ و ئازاربەخشە لە نێوان ئەو واقیعە سەختەی هاووڵاتی تێیدا دەژێت و ئەو وێنە بێهودەیەی کە ڕۆژانە پێی دەفروشرێتەوە. لەبری ئەوەی میدیا و سۆشیاڵ میدیا ببنه ڕەنگدانەوەی ئازارە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە و ئامرازێک بۆ گوشارخستنەسەر دەسەڵاتداران تا کێشەی بێکاری و هەژاری چارەسەر بوبکەن، توانیویانە کلتورێک بەرهەم بهێنن کە تێیدا ڕەفاهیەتی بێبنەما دەبێتە پێوەری سەرکەوتن و ڕێزگرتن. کاتێک جەماوەرێکی فراوان لەژێر بارو hisاب کۆمەڵایەتییەکاندا خەریکی بەراوردکردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانن لەگەڵ ئەم وێنە ساختانەدا، جۆرێک لە بێهیواییی کۆمەڵایەتی و نامۆبوون سەرهەڵدەدات کە هۆشیاریی گشتی لە پرسە جەوهەرییەکان بەتەواوەتی دادەبڕێت. لەم دیاردە قووڵەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “سیستەمی حوکمڕانی ناتوانێت ئاوی پاک و کارەبای بەردەوام بۆ شارەکان دابین بوبکات، بەڵام سەرکەوتووانە توانیویەتی شاشەکان پڕ بوبکات لە وێنەی ئەو دەوڵەمەندانهی کە لەسەر حیسابی وێرانیی ژێرخانی وڵات لە خۆشگوزەرانیدا دەژێن!” کاتێک نمایشی سەروەت و سامان دەبێتە بەرهەمی سەرەکیی میدیایی لە وڵاتێکی هەژاردا، نرخە کۆمەڵایەتییەکان تێکدەچن و جیاوازیی چێنایەتی قووڵتر دەبێتەوە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەم تەڵە میدیایییانە ڕزگار بوبکرێت و هاووڵاتییان داوای مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییە بەجێماوەکانی خۆیان بکەن، لەبری ئەوەی ببنە بینەری بێدەنگی ئەو جیهانە دروستکراوەی کە تەنیا بۆ داپۆشینی ناکارامەیی و گەندەڵی بەکاردەهێنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 180 Today: 3,257 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.