سیاسەتی سووکایەتیپێکردن

بینراوە: (1)

ئاکام عەبدوڵا سدیق

مەترسیدارترین شێوازی چەوساندنەوە تەنیا لە بێبەشکردنی ئابووریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە دروستکردنی گوشاری دەروونی و بریندارکردنی کەرامەتی هاووڵاتییاندا بەرجەستە دەبێت. لە واقیعی ڕۆژانەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، خێزانێک کە لە وەرزی سەرما و گەرمادا بەدەست نەبوونی سووتەمەنی و پچڕانی بەردەوامی کارەباوە ناڵێنی، لە ڕێگەی شاشەکانەوە تەماشای پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلە خەیاڵییەکان و میهرەجانی پڕ لە ڕووناکی و زەرق و بەرقی دەسەڵاتداران و دەستپێوەندەکانیان دەکات. فەرمانبەرێک یان کرێکارێک کە مانگانە چاوەڕێی مووچەیەکی کەم دەکات تا تەنیا بژێویی سەرەتاییی خێزانەکەی دابین بکات، ڕۆژانە ناچار دەکرێت بینەری ستایلی ژیانی پڕ لە ڕەفاهیەتی بێبنەمای ئینفلۆئەنسەرەکان و نوخبەی دەسەڵاتدار بێت.

کێشە جەوهەرییەکە لێرەدا خودی کاتبەسەربردن یان بوونی کەسانی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەم هاودژییە ڕەقە بەشێوەیەکی بەردەوام و بێباکانە دەخرێتە بەردەم چاوی هەژارەکان، بەجۆرێک کە دەگۆڕێت بۆ سووکایەتییەکی دەروونیی ڕۆژانە. کاتێک سیستەمی حوکمڕانی ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە دابین بوبکات، بەڵام لە هەمان کاتدا سەکۆکانی میدیا تەرخان دەکات بۆ نمایشکردنی ڕەفاهیەتێکی بێئەندازە، پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بە هاووڵاتی دەگەیەنێت: کە ئازارەکانت گرنگ نین و تۆ تەنیا بۆ ئەوە بوونی هەت تا سەیری خۆشگوزەرانیی ئەوانی تر بکەیت.

ئەم سیاسەتی سووکایەتیپێکردنە هێواش هێواش هەستی هاوبەشیی نیشتمانی هەڵدەتەکێنێت و ڕقێکی قووڵی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. کاتێک کەسێک دەبینێت کە بەهای ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسێک یان دەستپێوەندێکی میدیایی بەرامبەرە بە بودجەی نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەیەکی شارەکەی، چیتر ناتوانێت بەهایەک بۆ دروشمەکانی یەکسانی و دادپەروەری بدۆزێتەوە. لەم هاوکێشە بەئازارەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “دەسەڵاتداران لە عێراقدا نەک تەنیا کارەبای ماڵە هەژارەکانیان بڕیوە، بەڵکو تەواوی ئەو کارەبایەیان کۆکردووەتەوە تا ڕووناکی بوبخەنە سەر ئەو شانۆگەیەی کە تێیدا دەوڵەمەندەکان نمایشی ڕەفاهیەتی خۆیانی تێدا دەکەن!”

کاتێک کۆمەڵگە ڕادێت لەسەر قبووڵکردنی ئەم سووکایەتییە دەروونییە و وەک دیاردەیەکی ئاسایی سەیر دەکرێت، پێوەری بەهاداری بەتەواوەتی دەڕوخێت و نامۆبوونی هاووڵاتی لە نیشتمانەکەی خۆیدا دەگاتە ترۆپک. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە ببێتە بینەری بێدەنگی ئەم هاودژییە ڕەقە، و بە ئاگایییەوە داوای گەڕاندنەوەی کەرامەتی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە نیشتمانییەکان بوبکات، تا هیچ هاووڵاتییەک لەسەر خاکی خۆی هەست بە پەراوێزخران و سووکایەتی نەکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 60 Today: 2,802 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.