ئەندام کەیفی – چالاکوان
ئەمڕۆ کوردستان لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت. مەترسییەک کە تەنها لە دەرەوە نییە، بەڵکو بەشێکی گەورەی لە ناوەوەوەیە؛ لە ناکۆکییە سیاسییەکان، لە ملمـلانێی دەسەڵات، لە بێهیواییی خەڵک و لە نەبوونی دامەزراوەیەکی بەهێز و یەکگرتوودا.
پرسیارێکی گرنگ لە خۆمان بکەین: پەرلەمانی کوردستان بۆچی هەیە؟ بۆچی خەڵک دەنگ دەدەن و نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن؟ ئەگەر پەرلەمان نەبێتە شوێنی بڕیاردان، چاودێریکردنی حکومەت، پاراستنی مافەکانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەوا بوونی بۆ چییە؟
کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی چالاک و یاسایی هەیە، نەک پەرلەمانێک کە ببێتە قوربانیی حساباتی حیزبی و ملمـلانێی دەسەڵات. کردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی ڕۆڵی یاسایی و چاودێریی ئەو دامەزراوەیە، ئیتر نابێت ببێتە کارتێکی سیاسی بۆ فشارخستنە سەر لایەک یان لایەکی تر؛ ئەمە مافێکی گەلی کوردستانە.
لە ماوەی ساڵانێکی زۆردا، پارتی و یەکێتی لە جیاتی ئەوەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و داهاتووی کوردستان هاوکاری یەکتر بن، زۆرجار کێشە و ناکۆکییەکانیان بوونەتە هۆی قەیران و بنبەست. ئەوەی خەڵک دەیبینێت ئەوەیە کە کێشەی مووچە، خزمەتگوزاری، ئابووری، دامەزراوەکان و داهاتووی گەنجان هێشتا چارەسەری جیددییان بۆ نەکراوە، بەڵام ملمـلانێی پۆست و دەسەڵات بەردەوامە.
بەڕاستی، تا کەی دەبێت بەرژەوەندیی حیزب لە بەرژەوەندیی گەل گرنگتر بێت؟
پارتی و یەکێتی دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: ئایا کوردستان موڵکی حیزبەکانە، یان حیزبەکان دەبێت خزمەتکاری کوردستان بن؟
خەڵک هەست دەکەن کە پارتی و یەکێتی بوونەتە دوو بارگرانیی گەورە لەسەر شانەکانیان؛ دوو هێزی سیاسی کە ناکۆکییەکانیان بە نرخێکی زۆر گران بەسەر هاووڵاتییەکاندا دەشکێتەوە. ئەگەر بەردەوامیی دەسەڵات و پاراستنی پۆست ببێتە ئامانجی سەرەکی، ئەوا ماف و چارەنووسی گەل دەکەوێتە پلەی دووەم.
هەتا ئەو ڕادەیەی کە خەڵک ئەم ترسەیان هەیە: ئایا بۆ مانەوە لە کورسی و دەسەڵات، هەموو شتێک دەکرێت بە قوربانی، تەنانەت یەکگرتوویی و سەقامگیریی کوردستانیش؟
ئەمە تۆمەتێک نییە کە بەبێ بەڵگە بۆ کەسێک بسەلمێنین؛ بەڵکو پرسیار و نیگەرانییەکی گەورەیە کە لە ئەنجامی ئەو سیاسەت و ناکۆکییانەوە لە نێو خەڵکدا دروست بووە. هیچ پۆستێک بەهای لەدەستدانی کوردستانی نییە.
دوو ئیدارەیی؛ برینی کۆنی کوردستان
ئایا کوردستان هێشتا پێویستی بە دوو ئیدارە، دوو سیستەمی کارگێڕی، دوو زنجیرەی بڕیار و دوو جیهانی سیاسی هەیە؟
دوو ئیدارەیی تەنها کێشەیەکی کارگێڕی نییە؛ ئەوە بەشێکە لەو دابەشبوونەی کە یەکگرتوویی دامەزراوەکان، ئابووری، ئاسایش و متمانەی نێوان هاووڵاتییانی لاواز کردووە. گەنجی سلێمانی نابێت هەست بکات داهاتوویەکی جیاوازی هەیە لە گەنجی هەولێر. فەرمانبەری سلێمانی نابێت مافێکی جیاوازی هەبێت لە فەرمانبەری دهۆک.
ئێمە یەک هەرێممان دەوێت، یەک حکومتمان دەوێت، یەک پەرلەمانمان دەوێت و یەک یاسامان دەوێت کە بەسەر هەموو کەس و هەموو ناوچەیەکدا جێبەجێ بکرێت.
مەترسیی ئەوەی سلێمانی ببێتە ئامانجی فشار و کێشەی زیاتر
ئەمەش پرسیارێکی زۆر مەترسیدارە: ئایا ناکۆکییە سیاسییەکان دەتوانن وا بکەن سلێمانی و ناوچەکانی تری هەرێم زیاتر بکەونە ژێر فشاری سیاسی و ئیداری؟ ئایا ئەوەی ئێستا لە نێوان سلێمانی و هەولێردا دەگوزەرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی دابەشبوون؟
هەڕەشە و فشار و هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ناوچەکان وەک کارتی سیاسی، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەقامگیریی هەرێم. سلێمانی بەشێکی گرنگی کوردستانە و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی، خەڵکی ئەو شارە و ناوچەکانی تری بخاتە مەترسی.
چارەنووسی سلێمانی نابێت بە دەستی ملمـلانێی حیزبی دیاری بکرێت، هەروەها چارەنووسی هەولێر و دهۆکیش نابێت. ئەمانە هەموویان بەشێکن لە کوردستان.
کوردستان لە مەترسییە، بەڵام مەترسییەکە چارەسەری هەیە.
ئەگەر پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی، ئەگەر یاسا بەسەر هەموو حیزب و بەرپرسیارێکدا جێبەجێ بکرێت، ئەگەر دەرامەتی گشتی بە شەفافیەت بەڕێوەببرێت، ئەگەر دوو ئیدارەیی کۆتایی پێبهێنرێت و ئەگەر حیزبەکان لە جیاتی بەرژەوەندیی تایبەتی، بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پێشەوە، ئەوا هێشتا دەتوانین کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکەین.
بەڵام ئەگەر هەر حیزبێک کوردستان بە موڵکی خۆی بزانێت، ئەگەر پۆست لە گەل گرنگتر بێت، ئەگەر پەرلەمان بە بەرژەوەندیی حیزبی داخراو بمێنێتەوە و ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بن، ئەوا زیانی سەرەکی دەکەوێتە سەر گەلێک کە هیچ تاوانێکی نییە.
ئێمە وەک گەنجانی کوردستان دەڵێین:
پەرلەمان بکەنەوە!
دوو ئیدارەیی کۆتایی پێبهێنن!
دەست لە ملمـلانێی پۆست و دەسەڵات هەڵگرن!
مافی مووچە و ژیانی شایستەی خەڵک بپارێزن!
یاسا لەسەر هەمووان جێبەجێ بکەن!
کوردستان لە بەرژەوەندیی حیزبەکاندا قوربانی مەکەن!
پەیامەکەمان ڕوونە:
کوردستان بە دەستی حیزبەکان دروست نەکراوە تاکو ببێتە موڵکی حیزبەکان. ئەم خاکە بە قوربانی و خوێنی هەزاران مرۆڤ پارێزراوە، نەک بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ببێتە مەیدانی ملمـلانێی کورسی و دەسەڵات.
هیچ حیزبێک لە کوردستان گەورەتر نییە، هیچ کورسییەک لە چارەنووسی گەل گرنگتر نییە و هیچ دەسەڵاتێک بەهای لەناوچوونی یەکگرتوویی ئەم خاکەی نییە.
کوردستان هی گەلە، نەک هی پارتی، نەک هی یەکێتی، نەک هی هیچ حیزبێکی تر.
کوردستان دەبێت بژی، بەڵام نەک بە نرخیکی لەناوچونی گەلەکەی














Leave a Reply