موچە و شەقە زلەکەی ماکرۆن

بینراوە: (5.0K)

زیرەک کەمال


تاکو ئێستاشی لەگەڵبێت لەوە تێنەگەیشتم کە بۆچی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی وڵاتەکەم بەتایبەتی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەستە بژێرە سیاسی و حزبیەکان هێندەیان حەز لە سازکردنی کۆڕ و سیمینار و ئەنجامدانی کۆنفرانسە ، لە مۆزەمبیق لافاو هەڵبستێت ، پشیلەکەی نانسی عەجرەم نەخۆش بێت ، ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی لێرە لە وڵاتەکەی من کۆنفرانسێکی تایبەتیان بۆ ببەسترێ،

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ، بریجیت ماکڕۆن هاوسەرەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بە نوێژی نیوەڕۆ بەبەرچاوی میدیاکانی جیهان، هەتا توانی زلەیەکی مزری سرەواندە بناگوێی ماکڕۆنی مێردەکەی ،ئەم ڕوداوە لەسەر ئاستی دنیا وەکو هەواڵێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ کرا ، کەچی کۆنفرانسچیەکانی وڵاتەکەی من کێچیان کەوتە کەوڵ و بڕیاریاندا کۆنفرانسێک لەم بارەیەوە ببەستن ، منیش داوەتی ئەو کۆنفرانسە کرابووم

کۆنفرانسەکە ئەگەرچی تایبەت بوو بە ماکرۆن و هاوسەرە مەسیحیەکەی ، کەچی بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد ، دواتر دەستەی سەرۆکایەتی کۆنفرانس دەرگای وتوێژی کردەوە ، ئینجا بەڕێوبەری کۆنفڕانس کە پیاوێکی کەتە و قەڵەوبوو کە پێنەدەچوو هیچ شتێک لە بارەی کاروبارەکانی کۆنفرانس بزانێت، ڕوی لە ئامادەبوان کرد و گوتی:  ئامادەبوانی بەڕێز و خۆشەویست بەخێربێن بۆ کۆنفرانسی فاڵانتاین، خۆتان دەزانن جیهانی خۆشەویستی پێویستی بە ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانسی لەو شێوەیە هەیە ، دواتر یەکێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی کۆنفرانس گوتی ببورن بەڕێوبەرەکەمان لەبەر ئەوەی هۆگریەکی زۆری لەگەڵ ڤالەنتاین هەیە، بۆیە بەردەوام وێردی سەر زمانیەتی و بۆیەش وایزانی ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بە ڤاڵانتاین نەک ماکرۆن و هاوسەرەکەی ، ئەگەرچی منیش وەکو نوسەری ئەو چەند دێڕە جەنابی بەڕێوبەری کۆنفرانس دەناسم کە تاکو ئێستا شەش جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و کە چی لە هەر شەشیان جیابۆتەوە ،

  ، یەکێکی تر لە ئەندامانی کۆنفرانس گوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی من هەمە دەڵێن هۆکاری زلە وەشاندنەکە ئەوە بووە کە ماکرۆن بە هاوڕێکەی گوتووە من دایکم لە خەسوم خۆشتر دەوێت ، بۆیەش هاوسەرەکەی لێی دەهریبووە و بە یەک زلە کردی بە پێخۆر و مەزەی  سۆشیال میدیا و هەموو میدیاکانی جیهان ، پیاوێکی تری  کەتەی قەڵەو کە لە کۆنفرانس ئامادە بوو کە خاوەنی چوار ژن بوو ، پێدەچوو رقی دنیاشی لە ئافرەت بێت ، گوتی: ئاخر ژنان هەر ئاوان ، ئەمن بام لە جیاتی ماکڕۆن حەوت بەردم دەنایە ناو دەستی بەرەو ماڵە باوان دەمناردەوە ، ئافرەتێکی تری ئامادەبوو کە بۆخۆی دوجار سەر بەهەوێ شوی کردبوو گوتی: ئێوە بۆچی بەس باسی بریجت ماکڕۆن دەکەن کێ دەڵێ خانم لەسەر حەق نەبووە، بۆیە من لێرەوە دەستخۆشی لێدەکەم ، دوای ئەوە حەمە لوت بڵند کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کچە شازدە ساڵیەکەی لەسەر نامەیەکی خۆشەویستی کوشت و بەسولحێکی عەشایەریش لە زیندان بەربوو گوتی:هیوادارم جەنابی سەرۆک هیچی لەبەر دڵی نەبێت و لە خانمەکەی ببورێت چونکە لێبوردەیی جوانترین خەسڵەتی مرۆڤە !!! ،

بەشداربویەکی تری کۆنفرانس کە ئافرەت بوو گوتی : تکایە ماکڕۆن بە بێ گوناه مەزانن چونکە لە هەبوونی هەر کێشەیەک لە نێوان ژن و پیاودا من لای ژنەکە دەگرم ، چونکە پیاوان بە گشتی دڵ ڕەقن ، پیاوێکی تریش هەستایەوە و گوتی: توشەرەفتان ماکڕۆنیش پیاوە ، وەڵاهی من بوومایە لە جیاتی ئەو ئاسمانم بە ملەوەنی نیشانی ژنەکەم دەدا ،دواتر مامۆستایەکی ئاینی کەهیچ کۆنفرانسێک نیە لەو شارە بەشداری تێدا نەکات ،بە دەنگێکی بڵند گوتی نابێت ماکڕۆن ئەمە قبوڵ بکات چونکە  لە دەقی پیرۆزدا هاتووە (الرجال قوامون علی نساء)، پۆلیسێک کە بێ بانگهێشت هاتبووە کۆنفراس، چووە بەردەم مایک و گوتی وەڵا وەبیلا لەوێ بوومایە کەلەبچەم دەخستە دەستی ژنەکەی ماکڕۆن و تا زیندان ڕامنەدەگرت ، خلە خەپە کە هیچ لەبارە کۆنفرانس نازانێت گوتی دەڵین ماکرۆن بۆیە ئەو زلەی خواردووە بە برادەرەکەی گوتووە دوێنێ هاوسەرەکەم سێ سعات لەگەڵ دایکی و سێ سعات لەگەڵ خوشکی و سێ سعاتیش لەگەل ئافرەتێکی هاوڕێی قسەی کرد و شەویش هەتا بەیانی  لەبەر پرخەی خەوی خەوم لێنەکەوت ، بۆیە شەو و ڕۆژ گیرم خواردوە بەدەست ئەو ژنەوە ،

یەکێکی تر گوتی ماکڕۆن گوتویەتی ژنەکەم تا ئێستا نازانێت نە تەماتە و ڕۆن بکات و نە کفتە لێبنێت ، دواتر پەیامێکی ماکڕۆن گەیشتە هۆڵی کۆنفرانس نوسیبووی باش بوو ژنەکەم لەمنیدا ، چونکەئەگەر من لەوم بدابا لە کوردستان چەندین کۆنفرانس و کەمپین ساز دەکرا ، دواتر پیاوێک کە جلێکی کۆنەی لەبەردابوو بە پڕتاو خۆی کرد بە هۆڵی کۆنفرانسەکەدا و هاواری کرد موچە و عەدالەت ، خەڵکێکی زۆر پێیان وابوو کە شێتە بەڵام دواتر دەرکەوت نەک هەر شێت نیە بەڵکو لە هەموو ئەندامانی کۆنفرانسیش عاقڵ تر بوو، چونکە ئەم کۆنفرانسە لە هەل و مەرجێکدا ئەنجامدرا  کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوو مانگ بوو موچەیان وەرنەگرتبوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 187 Today: 2,106 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.