زانیار ڕێبوار
دوکانێکی گەورە کە شەوانە خاوەنەکەی قفڵی دەرگاکان دەشکێنێت و کامێراکانی چاودێریش لەکار دەخات، پاشانیش بە ئاسودەیی هەرچی سەروەت هەیە دەیبات و بەیانیان بەسەر کرێکارەکانیدا دەگریت کە دوکانەکە تاڵان کراوە؛ هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ تاکە دەزگای لێپرسینەوەکەی دەکات. کاتێک دەسەڵاتداران پەرلەمان دادەخەن یان پەکیدەخەن و دەیکەنە بینایەکی بێگیان، مەبەستیان ئەوە نییە کە کاتی دانیشتنەکانیان نییە. مەبەستەکە زۆر ڕوونە: کاتێک کامێرای چاودێریی میللەت (کە پەرلەمانە) دەشکێنرێت، ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێت بپرسێت سامانی نەتەوەیی بەتاڵکراو بۆ کوێ چوو، یان داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆچی ناچێتە خەزێنەی گشتییەوە. پەکخستنی پەرلەمان، ڕاگەیاندنی فەرمیی دەستپێکردنی وەرزی تاڵانییەکی بێ پرسیارە.
ئەم وێرانکردنەی دەزگای یاسادانان، ڕووداوێکی خۆڕسک نییە؛ ئەمە ئامانجی کۆتایی ئەو مافیا و کارتێلە سیاسییانەیە کە وڵات بەڕێوەدەبەن. کاتێک هیچ دەنگێک لە هۆڵەکەدا نەمێنێت کە بتوانێت لێپرسینەوە لە وەزیرێک بکات، یان بانگهێشتی سەرۆکی حکومەت بکات لەسەر بڕینی مووچەی سەدان هەزار فەرمانبەر، ئەوا تاڵانچییەکان دەبنە تاکە بڕیاردەری نیشتمان. لەم زەلکاوەدا، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە یاسای نوێ دەرناچێت؛ کارەساتەکە ئەوەیە کە ئەوانەی پێشتر دزییان دەکرد بە ترسەوە، ئێستا بە شانازییەوە و لەبەردەم کامێراکاندا دەیپارێزن، چونکە دەزانن هیچ دامەزراوەیەک نییە لێیان بپرسێتەوە. پەرلەمانی داخراو، واتا کردنەوەی دەرگای هەموو خەزێنەکان بۆ دەسەڵاتێکی بێ متمانە.
“کۆمەڵێک پیاو کە خۆیان لەبەردەم هیچ کەسێکدا بە بەرپرسیار نەزانن، نابێت لەلایەن هیچ کەسێکەوە متمانەیان پێ بکرێت. ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە ڕووسیای پێش شۆڕشدا ڕوویدا، کاتێک تسار (قەیسەر) دۆما (پەرلەمان)ی هەڵدەوەشاندەوە هەرکاتێک کە نوێنەرەکان پرسیاریان لەسەر خەرجییەکانی شەڕ یان گەندەڵی دەکرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەمانیش فێڵبازترن؛ ئەوان پەرلەمان داناخەن بە بەیاننامەیەکی فەرمی، بەڵکو لە ناوەوە دەیڕزێنن. ئەوان بە سیستەمی پشک پشکێنە، پەرلەمانتاران دەکەنە فەرمانبەری حیزب و ڕێگە دەگرن لە هەر هەوڵێکی چاکسازی. کاتێکیش پەرلەمان تەواو کۆنتڕۆڵ نەکرا، بە ئاسانی هەڵبژاردنەکان دوادەخەن و دەیخەنە باری سڕبوونەوە.
لەم تەماشاگەرییە مەدەنییەدا، هەر ڕۆژێک کە وڵات بێ پەرلەمان دەمێنێتەوە، تاوانێکی نوێیە نەک هەڵەیەکی یاسایی. ئەو دەسەڵاتەی کە دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەدان باڵەخانە و کۆشکی بازرگانی بۆ بەرپرسەکانی دروست بکات، بەڵام ناتوانێت هۆڵێک کۆبکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە، دەسەڵاتێکە کە بوونی خۆی لەسەر نەبوونی دەنگەکانی ئێوە بونیاد ناوە.















Leave a Reply