کوردستانی دەوڵەمەند بە نەوت و واقیعیەن چرای مۆم

بینراوە: (7.8K)

محمد سيامند ئيمام

دەریاچەیەکی گەورە و پڕ لە مرواری کە خەڵکەکەی لەسەر کەنارەکانی لە برسان و تینوویەتیدا دەمرن، لەکاتێکدا پاسەوانەکانی دەریاچەکە شەو و ڕۆژ مروارییەکان بار دەکەن بۆ کۆشکەکانی خۆیان و لە بری ئەوەش، تەنها قوڕ و لیتە دەدەنە دەست خەڵکەکە بۆ ئەوەی پێی بژین ! لێرەدا هەژاری قەدەر نییە، بەڵکو دەرەنجامی چاوچنۆکیی ئەو دەستانەیە کە تەواوی سامانەکەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە. ئەمە ڕێک واقیعی هەرێمی کوردستانە لەژێر حوکمی کابینەی ماوەبەسەرچووی مەسرور بارزانیدا؛ نیشتمانێک کە لەسەر دەریایەک لە نەوت و غاز وەستاوە، بەڵام هاوڵاتییەکەی ناچارە شەوانە لەژێر ڕووناکیی چرای مۆمدا داهاتووی تاریکی خۆی بژمێرێت و ڕۆژانەش بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مانەوە بجەنگێت !

لە سایەی ئەم حوکمە خێزانییەدا، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی دزراو چرکەیەک ناوەستێت، بەڵام دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بووەتە خەونێکی مەحاڵ. کاتێک کارەبای نیشتمانی بە ئەنقەست دەکوژرێتەوە تا مافیای مووەلیدەکان و کۆمپانیاکانی حیزب بازاڕ قۆرخ بکەن، ئیتر ژیانی ڕۆژانە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی قورس و بێبەزەییانە بۆ مانەوە. هاوڵاتی لێرەدا نەک هەر مافی سوودمەندبوونی لە خەزێنەی بەتاڵکراوی نیشتمان پێ ڕەوا نابینرێت، بەڵکو دەبێت ڕۆژانە باجی ئەو ئابوورییە سێبەرەش بدات کە کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تاڵانچییەکان دروستی کردووە.

فرانتس فانۆن دەڵێت: “هەر نەوەیەک، لەناو تاریکییەکی ڕێژەییەوە، دەبێت ئەرکی خۆی بدۆزێتەوە؛ یان جێبەجێی دەکات، یان خیانەتی لێ دەکات” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی کۆلۆنیالیزمە لە کیشوەری ئەفریقا، کاتێک داگیرکەران تەواوی کانزا و سامانی وڵاتەکەیان دەبرد و گەلەکەیان لەوپەڕی تاریکی و نەفامیدا دەهێشتەوە تا کەس توانای بیرکردنەوە و ڕاپەڕینی نەبێت ! ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانیشدا هەمان سیاسەتی وێرانکەر لەسەر دەستی ئەم کابینە شکستخواردووە پەیڕەو دەکرێت؛ ئەوان دەیانەوێت گەنجان و خێزانەکان هێندە سەرقاڵی پەیداکردنی نان و ڕووناکی و غاز بن، کە لەناو ئەم تاریکییەدا هیچ کاتێکیان بۆ دۆزینەوەی ئەرکە نیشتمانییەکەیان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاران نەمێنێت !

لێرەدا، دامەزراوە بێگیانەکان، لە پەرلەمانی بێدەنگکراوەوە تا دادگاکانی کارتۆنی، تەنها بۆ یەک مەبەست کار دەکەن: پاراستنی ئەو نوخبەیەی کە باجی سەرکەوتنەکانی بە خوێن و ئارەقەی خەڵک دەدات. هەر دەنگێکی ناڕازیش کە بیەوێت پەردە لەسەر ئەم قۆرخکارییەی بازاڕ و قاچاخی سنوور هەڵبداتەوە، دەستبەجێ بە دروستکردنی پەڕاوی ساختە و تیرۆری دەروونی لە زیندانەکاندا کپ دەکرێت، تا هیچ کەس نەوێرێت بپرسێت بۆچی نیشتمانێک سامانەکەی هەناردەی جیهان دەکرێت، کەچی خاوەنەکەی لە تاریکیدا دەناڵێنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 109 Today: 3,714 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.