شەرعیەتدان بە دەوڵەتی سێبەر!

بینراوە: (1)

ئه‌حمه‌د جه‌لال ئەحمەد – چالاکوان

ئەوەی لە ئێستادا لە بەغدای پایتەختدا دەگوزەرێت، تەنها گۆڕانکارییەکی ڕووکەشی و ئاسایی لە دەموچاو و کورسییەکانی دەسەڵاتدا نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی سیستماتیک و مەترسیداری تەسلیمکردنی جومگە هەستیار، ئەمنی، سەربازی و ئابوورییەکانی دەوڵەتە بەو هێزە میلیشیاییانەی کە ساڵانێکە لەسەر حیسابی یاسا، نادادپەروەری و داڕوخانی دامەزراوە نیشتمانییەکان گەورە و قەڵەو کراون. سەرۆک وەزیرانی نوێ، عه‌لی زیدی، لەبری ئەوەی وەک پیاوێکی خاوەن ناسنامەی دەوڵەت ڕەفتار بکات و چەک لەدەستی هێزە شەرعییەکاندا قەتیس بکات، یان سەروەریی یاسا بە بێ جیاوازی بەسەر هەموواندا بچەسپێنێت، کەچی بە پێچەوانەوە دەرگاکانی حوکمڕانی و ناوەندەکانی بڕیاردانی بە قەبارەیەکی بێپێشینە بۆ ئەم هێزە چەکدارە نافەرمییانە واڵا کردووە. ئەم هەنگاوە تەنها سازشێکی سیاسی کاتی نییە، بەڵکو بە فەرمی ناساندن و بەخشینی شەرعیەتی دەستووری و یاساییە بە قەوارەگەلێک کە بنچینە و باوەڕیان بە چەمکی دەوڵەت، هاوڵاتیبوون و دامەزراوە نیشتمانییەکان نییە.

ئەمڕۆ مێژوویەکی نوێ لە عێراقدا دەنووسرێتەوە، بەجۆرێک ئەم گروپانە نەک هەر لە شەقامەکاندا تەراتێن دەکەن و یاسا پێشێل دەکەن، بەڵکو هێنراونەتە ناو کایە و جەرگەی بڕیاری سیاسی، دارایی و ئەمنی وڵاتەوە، و لە هەمان کاتدا مافی ڤیتۆ، ڕۆڵی سەرەکی و بڕیاردەری کۆتاییان لە هاوکێشەکاندا پێبەخشراوە و جومگە ئابوورییەکانیشیان خراوەتە خزمەتەوە. لەم نێوەندەدا حکومەت لەبری ئەوەی نوێنەرایەتی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بکات، بووەتە چەترێکی پارێزەر، پاساوهێنەر و شەرعیەتپەدەر بە کارنامە و ئەجێندای تەسکی ئەم گروپە چەکدارانە. دەرەنجامی ئەم هاوکێشە چەوتە، هیچی لێ سەوز نابێت جگە لە ڕاکێشانی زیاتری عێراق بەرەو قۆناغێکی تاریکتر لە پاشاگەردانی، داڕمانی دامەزراوەیی و شەقبوونی قووڵتری کۆمەڵایەتی و سیاسی کە داهاتووی وڵاتەکە دەخاتە بەردەم داهاتوویەکی نادیاری مەترسیدار.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 56 Today: 80 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.