زانیار خەلیل – چالاکوان
هەرێمی کوردستان، ئەو ناوەی کە هەمیشە وەک دەمامکێک بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی دوو حیزب و دوو بنەماڵە بەکارهاتووە، ئێستا گەیشتووەتە بنبەستێکی مێژوویی. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت، تەنها ناوێکی ڕوکەشە بەناوی هەرێم، ئەگەر نا لە ڕاستیدا ئەم قەوارەیە هەرگیز نەبووەتە دامەزراوەیەکی نیشتمانی، بەڵکو لە سەرەتاوە تا ئێستا لە نێوان دوو ئیدارەیی و دوو زۆنییەکی قووڵدا دابەش کراوە کە پارتی و یەکێتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان وەک کۆمپانیا بەڕێوەیان بردووە.
ئەم دوو حیزبە، نەک هەر نەیانتوانی هەرێمێکی بەهێز بنیاد
بنێن، بەهۆی ململانێی توند لەسەر دابەشکردنی پۆست و دزینی داهاتی گشتی، پێگەی کوردیان لە بەغداد و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش گەیاندووەتە نزمترین ئاست.
ململانێی پارتی و یەکیەتی هەرگیز ململانێیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکو کێبڕکێیەکی ئاشکرایە لەسەر قۆرخکاری و پارە. ئەم دۆخە گەیشتووەتە ڕادەیەک کە سەرکردە باڵاکانی ئەم دوو حیزبە لە بەغداد تەنانەت ئامادە نین سڵاو لە یەکتر بکەن. کاتێک کەسی دووەمی پارتی بە غروورێکی حیزبییەوە ئامادە نییە سڵاو لە سەرۆک کۆمارێک بکات کە کوردە، ئەمە نیشانەی تێپەڕاندنی هەموو سنوورە سیاسییەکان و نەمانی کەرامەتی نەتەوەییە. ئەم ڕەفتارانە وایکردووە کە کورد لەبەردەم لایەنە عەرەبییەکاندا ببێتە گاڵتەجاڕ، چونکە ئەوان دەبینن لایەنە کوردییەکان بۆ پۆستێک یان ئیمتیازێکی دارایی، ئامادەن هەموو قەوارەکە و پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک هەڕاج بکەن.
لەم نێوەندەدا، کابینەکەی مەسرور بارزانی، پشکی شێری لەم شکستە گشتگیرەدا بەردەکەوێت. ئەم سەرۆکی حوکمەتە ماوە بەسەرچووە، کە کابینەکەی لە هەموو ڕوویەکی ئابووری، سیاسی و خزمەتگوزارییەوە شکستی هێناوە، تەنها لە یەک شتدا سەرکەوتوو بووە، ئەویش زیادکردنی بارگرانی سەر شانی خەڵک و قووڵکردنەوەی قەیرانەکانە. پەکخستنی دامەزراوەکان، نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی نەوت و ناوخۆ، و برسیکردنی خەڵک،زیندانکردنی ڕۆژنامەنوسان بەرهەمی حوکمڕانی ئەون.
ئەوەی دۆخەکەی گەیاندووەتە لوتکەی مەترسی، ئەو “عینادییە سیاسییە” بێمانایەیە کە پەیڕەوی دەکات. ئەو نەک هەر ئامادە نییە دەسەڵات بۆ لایەنێکی تر بە پرۆسەیەکی دیموکراتی بەجێبهێڵێت، بەڵکو تەنانەت لە ناوخۆی حیزبەکەی خۆشیدا ئامادە نییە کورسییەکەی تەسلیمی کەسێکی تر بکات. ئەم سووربوونە لەسەر مانەوە لە دەسەڵات ئاڵودەبوون بە کورسی دەسەڵات ، هەرێمی کوردستانی بەرەو تەنهاییەکی کوشندە و گۆشەگیری هەرێمی و ئیقلیمی بردووە .
ئەوەی کەئێستا هەیە لەسایەی سیاسەتی پارتی و یەکیەتی، حکومڕانی نییە، بەڵکو پارچەپارچەکردنی نیشتمانێکە بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک. ئەگەر ئەم سیاسەتی “من نەبم کوردستان نابێت”ە کۆتایی پێنەیەت، ئەوا خەونی نەتەوەیەک لە پێناو کورسی و پارەدا دەبێتە قوربانی. خەڵکی کوردستان شایەنی حکومەتێکی دامەزراوەیین، نەک حوکمی بنەماڵە و شەڕە سڵاوی سەرکردەکان لە بەغداد.














Leave a Reply