بەڵێن جەمال بابەکر
بازاڕێکی گەورە کە تێیدا بنەماڵەیەک دوکانێکی نانەواییان داناوە بە ناوی “خزمەتی گشتی”، بەڵام کاتێک هاوڵاتییەکی برسی سەیری ناوەوە دەکات، دەبینێت خاوەن دوکانەکە ئاردی شارەکە تەنها بەسەر ئامۆزا و برازاکانیدا دابەش دەکات، لە کاتێکدا لە بەردەرگاکەدا چەندین پاسەوانی چەکدار وەستاون بۆ لێدانی هەر کەسێک کە بپرسێت نانەکە کوا. ئەمە دیمەنێکی کۆمیدیای ڕەش نییە؛ ئەمە وێنەی وردی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئەمڕۆیە کە وەک کۆمپانیایەکی خێزانیی پشتاوپشت کار دەکەن. کابینەی بەسەرچوو و شکستخواردووی مەسرور بارزانی، ئەم مۆدێلەی گەیاندە لوتکە؛ کابینەیەک کە سیاسەتی لە خزمەتی گشتییەوە گۆڕی بۆ بازرگانیی قۆرخکار، کە تێیدا نیشتمان تەنها کاڵایەکە و هێزە چەکدارەکانیش تەنها “بەشی براندینگ” و ڕیکلامن بۆ پاراستنی لۆگۆی خێزانەکە.
هاناه ئارێنت، فەیلەسوفی سیاسی، لە شیکردنەوەی سیستەمە ستەمکارەکاندا دەڵێت: “کاتێک دەسەڵات لە بنەماکانی بەرپرسیارێتی و یاسا دادەماڵرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ئیدارەدانی ترس و بەرژەوەندیی خێزانییە، کە تێیدا دەوڵەت دەبێتە ئامرازێکی تایبەت بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی.” ئەمە ڕێک مانیفێستی ئەو حوکمڕانییەیە کە ئەمڕۆ بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە. ڕێک وەک بنەماڵەی “سۆمۆزا” لە نیکاراگوا یان “دۆڤالیێ” لە هایتی کە خەزێنەی دەوڵەتیان وەک هەژماری بانکیی شەخسیی خۆیان و سوپاشیان وەک کۆمپانیای سێکویریتیی خێزانەکەیان بەکاردەهێنا، لێرەش نوخبەی دەسەڵاتدار حکومەتیان کردووەتە پاشکۆی کۆمپانیاکانیان. ئەوان هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە بەشی “بەبازاڕکردنی چەکدار”، نەک بۆ پاراستنی نیشتمان، بەڵکو بۆ ئەوەی لۆگۆی حیزب و ناوی خێزان بە زەبری هێز بەسەر هەموو شەقام و بڕیارێکدا بسەپێنن و بچووکترین دەنگی ناڕازی لە قورگدا بخنکێنن.
ئەم قۆرخکارییە خێزانییە و داپۆشینی بە جلوبەرگی حوکمڕانی، گەورەترین گاڵتەجاڕییە بە عەقڵ و کەرامەتی هاوڵاتی. ئەگەر سیاسەت لێرەدا تەنها بۆ ڕێکخستنی بەرژەوەندیی ئامۆزا و زاواکانە، ئەی کەواتە ئەو سوپا زەبەلاحە لە وەزیر و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە لە پایتەخت کاریان چییە جگە لە واژۆکردنی گرێبەستی کۆمپانیاکانیان؟ پارەی باج، نەوتی قاچاخ، و داهاتی دەروازەکان دەچێتە کام گیرفانەوە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان دەرمانی شێرپەنجەیان تێدا نییە و گەنجانیش لە بێهیواییدا ڕێگەی مەرگ بەرەو ئەوروپا دەگرنە بەر؟ کابینەیەک کە ماوەی یاساییی بەسەرچووە و تەنانەت لە دابینکردنی مووچەی کارمەندەکانی خۆیشیدا ئیفلیج بووە، چۆن شەرم ناکات کە بەجیاتی کردنەوەی کارگە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، تەنها قردێلەی پڕۆژە وەهمییەکان دەبڕێت و ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ بۆ پاسەوانەکانی لۆگۆی حیزبەکەی دەکڕێت؟












Leave a Reply