محمد سەمەد مەحمود
دادوەرێک بە چەکوچێکی دارینەوە نمایشی دادپەروەری دەکات لەناو هۆڵێکی پڕ لە ڕووناکیدا، بەڵام لە ژووری پشتەوەی دادگاکەدا، هەمان ئەو دزانەی کە گوایە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، خەریکی دابەشکردنی خەزێنەی گشتیین لەگەڵ خودی بڕیاردەرەکان. هاوڵاتییەکی ماندوو لە بەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەکەیەوە دانیشتووە، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم دادگاییکردنە دەکات و هیوادارە پارەی نانەکەی بۆ بگەڕێتەوە، بێئاگا لەوەی کە ئەو پەڕاوانەی بەرزکراونەتەوە تەنها وەرەقەی سپین بۆ شاردنەوەی ڕێککەوتنەکان. لەم دەوڵەتەدا، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان ئامرازێک نییە بۆ وەستاندنیان، بەڵکو تەنها ئاهەنگێکە بۆ شەرعیەتدان بەو دزییەی کە پێشتر کراوە و پاککردنەوەی ناوی بکوژەکان.
کاتێک حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی بنەماڵە لە هەرێم باس لە کردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی دەکەن، ئامانجیان گەڕاندنەوەی سامانی ونبوو و داهاتی نەوتی دزراو نییە. ئەوان دادگای کارتۆنی بەکاردەهێنن تەنها بۆ دروستکردنی پەڕاوی هەڵبەستراو دژی چەند فەرمانبەرێکی بێدەسەڵات، لە کاتێکدا دزە گەورەکان لەناو ئابووری سێبەردا و لە ڕێگەی کۆمپانیا حزبییەکانەوە بەردەوامن لە غەسلی پارە. ئەم لیژنانەی لێکۆڵینەوە، وەک ئامێرێکی تۆقاندنی دەروونی بەکاردەهێنرێن دژی ڕکابەرە لاوازەکانیان یان بۆ کپکردنی توڕەیی شەقام، لەکاتێکدا گەندەڵی نەک هەر ناوەستێت، بەڵکو بە بەرگی یاساییەوە بەهێزتر دەبێت و قەیرانی دروستکراو قووڵتر دەکاتەوە.
“هیچ ستەمکارییەک لەوە دڕندانەتر نییە کە لە ژێر قەڵغانی یاسا و بە ناوی دادپەروەرییەوە ئەنجام دەدرێت” ئەمەش هەمان ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە لە مەکسیکی سەردەمی کۆنترۆڵی کارتیلەکاندا ڕووی دەدا، کاتێک حکومەت لیژنەی دژە گەندەڵیی پێکدەهێنا، بەڵام سەرۆکی لیژنەکە خۆی مووچەخۆری مافیاکان بوو و تەنها بۆ پاککردنەوەی تاوانەکانیان نمایشی دادگای دەکرد. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، لەوانەش بێباکترن؛ ئەوان ڕاستەوخۆ تاوانەکە دەکەن، پاشان خۆیان دەبنە لیژنەی لێکۆڵینەوە، و لە کۆتاییشدا بە فەرمی باجی ناڕەوا دەخەنە سەر شانی میللەت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارەیەی کە خۆیان دزیوویانە.














Leave a Reply