پەرلەمان هێندە ون بووە، دەبێت وەک شوێنەوارێکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت!

بینراوە: (9)

سەفەر علی حمە أمین

گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەوارناسی پێویستی بە هەڵکۆڵینی قووڵ نییە لە ژێر زەویدا، بەڵکو تەنیا پێویستە سەردانی بینایەکی گەورە بکەیت لە ناوەڕاستی پایتەخت کە پێی دەوترێت “پەرلەمان” . ئەم بینایە لە ڕووی فیزیکییەوە بوونی هەیە، پاسەوانی هەیە و بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام لە ڕووی سیاسی و کاریگەرییەوە هێندە ون بووە و لەبیرکراوە، باشتر وایە ڕادەستی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار بکرێت تا وەکو مۆزەخانەی “شکستی دیموکراسی” مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت . کاتێک دەسەڵاتداران بەڵێنی “سەروەریی یاسا” و “دەزگایەکی چاودێریی بەهێز”یان بە گوێی خەڵکدا دەدا، هاوڵاتیی ساویلکە پێی وابوو پەرلەمان دەبێتە قەڵغانی پاراستنی مافەکانیان و ڕێگری لە گەندەڵی و دزینی ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت دەکات، کەچی لە واقیعدا ئەم دامەزراوەیە تەنیا بووە بە ژوورێکی چاوەڕوانیی بێدەنگ بۆ پەسەندکردنی بڕیارە پێشوەختەکانی مەکتەب سیاسیی حزبەکان .

نموونەی شکستی ئەم پەرلەمانە هێندە زۆرە کە مرۆڤ نازانێت لە کوێوە دەست پێبکات؛ بۆ چەندین ساڵ نەیانتوانی بچووکترین یاسای بودجە پەسەند بکەن بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت داهات و خەرجیی وڵاتەکەی چەندە، و کاتێکیش قەیرانی بڕینی مووچە و بێکارەبایی گەیشتە لوتکە و هاوڵاتییان لەسەر شەقامەکان لەژێر باری هەژاریدا دەچەوسێنرانەوە، ئەندامانی پەرلەمان لەبری لێپرسینەوەی توند لە حکومەت، خەریکی وەرگرتنی مووچە خەیاڵییەکانی خۆیان و شەڕەقسەی بێمانای سەر شاشەکان بوون . ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کە باوکێکی ماندوو یان گەنجێکی بێکار ناچارە باجی بێتوانایی سیستەمێک بدات، لە کاتێکدا ئەو نوێنەرانەی کە بە پەنجەمۆری ئەو چوونەتە سەر کورسییە نەرمەکانیان، لە ترسی حزبەکانیان بوێریی ئەوەیان نییە یەک وشەی حەق بڵێن یان وەزیرێک بانگهێشت بکەن . ئەم دامەزراوەیە کە بڕیار بوو ببێتە دڵی لێدەری حوکمڕانییەکی تەندروست، ئێستا بە جۆرێک سڕ و ئیفلیج کراوە کە تەنانەت ئەگەر دەرگاکانیشی قوفڵ بدرێت، هیچ هاوڵاتییەک هەست بە نەبوونی ناکات، چونکە بوون و نەبوونی وەک یەک وایە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەی نەهامەتییەکان نییە .

ئەوانەی کە بەردەوام باس لە شەرعیەت دەکەن، پەرلەمانیان کردووەتە تەنیا ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی شەقام و شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە بڕیارە ڕاستەقینەکان لە دەرەوەی ئەو بینایە دەدرێن . لە کۆتاییدا، ئەگەر بمانەوێت ناسنامەیەکی نوێ و واقیعی بۆ ئەم دامەزراوەیە دروست بکەین، دەبێت لەسەر دەرگاکەی تابلۆیەک هەڵبواسین و بنووسین: “دواین جار کەمێک دوای هەڵبژاردنەکان بینراوە… دۆخی ئێستای: نادیارە

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 105 Today: 3,153 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.