سامانی دزراو و گیرفانی پڕ

بینراوە: (1)

ئەرسەلان عەلى ڕەشید

وەک چۆن ئیبن خەلدوون دەڵێت: “ستەمکاری و نادادپەروەری، نیشانەی وێرانبوونی شارستانییەتە” — ئەمەش ڕێک هەمان ئەو چارەنووسەیە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. کاتێک وڵاتێک لەسەر بنەمای دامەزراوەی نیشتمانی دانەمەزرێت و دەسەڵاتەکانی بەپێی وەلائی حیزبی دابەش بکرێن، ئیتر دادپەروەری تەنها دەبێتە دروشمێکی بێمانا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەبری ئەوەی دان بە شکستەکانی خۆیاندا بنێن لە بەڕێوەبردنی ئابووری و سەروەریی خاکی کوردستاندا، ڕۆژانە چیرۆکێکی سواو بەگوێی میللەتدا دەدەن: “بەغدا خەتابارە”.

کاتێک مووچەی مامۆستایەک دوادەکەوێت، یان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەوەستن، پەنجەی تۆمەتی دەسەڵاتدارانی کورد یەکسەر ئاراستەی ناوەڕاستی عێراق دەکرێت. بەڵام با پرسیارێکی سادە لە خۆمان بکەین: ئایا بەغدا هۆکارە بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان بە قاچاخ بڕوات؟ ئایا بەغدا بڕیاری داوە کە سامانی نەوتی ئەم نیشتمانە لە گرێبەستە تاریکەکاندا بفرۆشرێت و نەچێتە خەزێنەی گشتییەوە؟ نەخێر، ئەمە تاوانی ئەو فەنتەڵۆسانەیە کە نیشتمانیان کردووەتە موڵکی خێزانی و حیزبیی خۆیان. ئەوان لەسەر شاشەکان دەبنە پاڵەوانی نەتەوەیی و باسی شەڕی مافە دەستوورییەکان دەکەن لە بەرامبەر عێراقدا، بەڵام لە واقیعدا، گیرفانی خۆیان و کۆمپانیاکانیان بە سامانی ئەم گەلە پڕ دەکەن.

ئەمە هەمان ڕێگایە کە وڵاتێکی وەک ڤەنزوێلا تێیدا چوو، کاتێک کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی لەبری بونیادنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ، سامانی وڵاتیان تاڵان کرد و بۆ داپۆشینی شکستەکانیان دەیانگوت “ئەمپریالیزمی دەرەکی دژی ئێمەیە” — تا ئەو ڕۆژەی ئابوورییەکەیان داڕما و خەڵکەکەی لە تەنەکەخۆڵەکاندا بەدوای خۆراکدا دەگەڕان. هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەم چەتەگەرییەوە، خەریکە دەبێتە کۆپییەکی ئەو مۆدێلە شکستخواردووە. بۆ ئەم دەسەڵاتە، گێڕانەوەی “شەڕی بەغدا” تەنها ئامرازێکە بۆ بێدەنگکردنی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی گەندەڵییە ناوخۆییەکانیان دەکرێت. هەر کاتێک دەنگێکی ناڕازی بەرز بێتەوە، یەکسەر مۆری “خیانەت” یان “مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم”ی لێ دەدرێت، تاوەکو دزەکانی ناوخۆ لە ژێر پەردەی “نەتەوەپەروەری”دا پارێزراو بن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 83 Today: 4,365 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.