سەرکەوت رەمەزان علی
وڵاتى ئێمە هاوشێوەی زیندانێک کە دیوارەکانی لە شووشە دروستکراون؛ هەرچەندە زیندانییەکان وا هەست دەکەن کە هەموو جیهان دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە جەلادەکانن کە لە دەرەوە چاودێریی هەموو جوڵە، وشە و هەناسەیەکیان دەکەن ! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو فەزایەیە کە ئەمڕۆ ناویان ناوە تۆڕی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا پلاتفۆرمێک دەبوو ببێتە مینبەرێک بۆ خستنەڕووی حەقیقەت، بەڵام ئێستا گۆڕدراوە بۆ سەربازگەیەکی کراوە و گەورەترین ژووری لێکۆڵینەوەی ئەمنی بۆ هەر قەڵەمێکی ئازاد ! لەم هەرێمەدا، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پۆستێک دەنووسێت، پێش ئەوەی خوێنەرەکانی بیبینن، ئەوە دەزگا سێبەرەکانن کە دەیخوێننەوە و پەڕاوی سزادانی بۆ ئامادە دەکەن !
میشێل فوکۆ دەڵێت: “بینراو، تەڵە” ! ئەم درکپێکردنە قووڵە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە ستەمکاریی دیجیتاڵی لە جیهاندا پەیڕەوی دەکات؛ وەک چۆن لە وڵاتێکی وەک چین سیستەمی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەموو هاوڵاتییەکی کردووەتە پۆلیسی سێبەری خۆی، لە کوردستانیشدا هەمان پرەنسیپ بۆ سەرکوتکردنی دەنگی جیاواز بەکاردەهێنرێت ! لێرە، فەیسبووک چیتر پانتاییەک نییە بۆ گفتوگۆی مەدەنی، بەڵکو تەڵەیەکە بۆ ناسینەوە و ڕاوکردنی ئەو قەڵەمانەی کە نایانەوێت ببنە بەشێک لەم کۆرسە بێدەنگەی کە دەسەڵات بۆ خەڵکی ئامادە کردووە !
چالاکوانان و گەنجانی بێدار کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم دیوارە ئەمنییە دیجیتاڵییە دەبنەوە، بزانن کە چاودێریکردنی ئێوە نیشانەی هێزی ئەوان نییە، بەڵکو بەڵگەی ئەو ترسە کوشندەیەیە کە لە وشە و ڕاستگۆیی ئێوە هەیانە ! دەسەڵاتێک کە سوپایەک لە چەکدار و سایبەر تەرخان دەکات بۆ چاودێریکردنی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ناوەوە ڕووخاوە و تەنها چاوەڕێی گەردەلوولی ئەو حەقیقەتانەیە کە ڕۆژێک هەموو زیندانە دیجیتاڵی و واقیعییەکانیان لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت !













Leave a Reply