بەڕێوەبردنی کوردستان وەک کۆمپانیایەک

بینراوە: (1)

تەحسین حوسێن موستەفا

قۆرخکردنی بازاڕەکانی وڵات و فرۆشتنەوەی هەوا و ئاو بە خەڵکی خۆت، هەرگیز پێی ناوترێت “گەشەی ئابووری”، بەڵکو ئەمە ڕێک ناوەکەی “تاڵانکارییەکی مۆدێرن”ە! لە هەرێمی کوردستاندا، دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە (پارتی و یەکێتی) مۆدێلی دەوڵەتدارییان گۆڕیوە بۆ مۆدێلی “کۆمپانیایەکی خێزانیی زەبەلاح”. ئەوان دەستیان بەسەر بچووکترین دەرفەتی ئابووریدا گرتووە؛ لە دەرهێنانی نەوت و کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکانەوە بگرە، تا دەگاتە بازرگانیی دەرمان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون. بەڵام کارەساتە گەورەکە لێرەدایە: ئەم کۆمپانیایەی پێی دەوترێت “حکومەتی هەرێم”، تەنها بۆ چەند خێزان و بەرپرسێکی لوتکە قازانج بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا ملیۆنان هاووڵاتی وەک “کرێکارێکی بێمووچە و بێ ماف” لەناو ئەم کۆمپانیایەدا دەچەوسێنرێنەوە و تەنانەت باجی کورتهێنانەکانیشیان لێ دەسەندرێت.

(وەک چۆن نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی، ئۆنۆرێ دێ بالزاک زۆر جوان دەڵێت: لەپشت هەر سەروەتێکی گەورەی کتوپڕەوە، تاوانێکی شاراوە هەیە.”) بەڵام ئەم فەنتەڵۆسانەی ئێمە، تاوانەکانیان شاراوە نییە، بەڵکو بە ڕۆژی ڕووناک و بە ناوی “وەبەرهێنان و یاسا”وە دەیکەن! کاتێک دوو حیزب نزیکەی تەواوی ئابووریی وڵاتیان لەرێگەی کۆمپانیا سێبەرەکانی وەک “کار گروپ” و “گروپی نۆکان”ەوە قۆرخ کردووە، مانای وایە کە هیچ وەبەرهێنەرێکی سەربەخۆ ناتوانێت لەم وڵاتەدا هەناسە بدات بێ ئەوەی پشکێک (سەرانە) نەداتە دەسەڵاتداران. ئەوان نیشتمانیان کردووەتە مۆڵێکی گەورە، کە تێیدا شەقامەکان، ئاسمان، و تەنانەت نەخۆشییەکانی خەڵکیش بوونەتە کاڵایەک بۆ پڕکردنی گیرفانی منداڵە لوسکەکانی لوتکەی حیزب.

بۆ شاردنەوەی ئەم چەتەگەرییە ئابوورییە، دەسەڵاتداران بەردەوام پاساوی “قەیرانی بەغدا” و “کەمیی داهات” دەهێننەوە، بەڵام لە واقیعدا خۆیان ئەندازیاری ئەم وێرانکارییەن: باشترین و سەلامەتترین ڕێگە بۆ وێرانکردنی بنەماکانی کۆمەڵگایەک، تێکدانی دراو و ئابوورییەکەیەتی.”) ئەم مافیایانەی ئێمەش بە ئەنقەست ڕێگری لە دروستبوونی ژێرخانێکی ئابووریی سەربەخۆ و کەرتی تایبەتی ڕاستەقینە دەکەن، چونکە زۆر باش دەزانن کە ئەگەر خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت و پشت بە مووچەی حیزب نەبەستێت، ئیتر پێویستیان بەم دەسەڵاتە نابێت. ئەوان دەیانەوێت هاووڵاتی هەمیشە برسی و قەرزدار بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وەک دیلێکی ئابووری مامەڵەی لەگەڵ بکەن و بە پارەی دزراوی خۆی دەنگی پێ بکڕنەوە.

ئەم زەلکاوە ئابوورییە تەنها بە یەک شت کۆتایی دێت: کاتێک خەڵک تێدەگات کە ئەوان خاوەنی پشکن لەم نیشتمانەدا، نەک کرێنشین! ئەی ئەو کاسبکار و فەرمانبەرە بێئومێدانەی کە باجی قورسی ئەم کۆمپانیا حیزبییانە دەدەن؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم بێدەنگییە ترسناکە بشکێنن! (مارتن لوتەر کینگ جونیۆر دەڵێت: گەورەترین کارەساتی ئەم سەردەمە، دەنگی بەرزی خراپەکاران نییە، بەڵکو بێدەنگیی ترسناکی مرۆڤە باشەکانە.”) هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە نیشتمانیان کردووەتە مەکینەیەک بۆ دەرهێنانی قازانج لە خوێن و ئارەقەی ئێوە. سیستەمێک کە لەسەر بنەمای تاڵانکردنی گەلەکەی دروست بووبێت، سیستەمێکی مردووە و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 96 Today: 1,453 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.