کۆمێنتێکی فەیسبووک بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر قەڵای دەسەڵات

بینراوە: (7.9K)

شەهرام خالید عەبدولڕەحمان

پۆلیسێکی دەمامکدار لە نیوەشەودا دەرگای ماڵی گەنجێک دەشکێنێت، نەک لەبەر ئەوەی چەکی هەڵگرتووە یان گەنجینەی شارەکەی بڕیوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی وشەیەکی نووسیوە کە خەوی پاشاکانی ناو کۆشکی زڕاندووە. لەکاتێکدا ئەوانەی بە ملیارەها دۆلاری سامانی ونبوو غەسلی پارە دەکەن و کۆمپانیا حزبییەکان بەڕێوە دەبەن، لەبەردەم کامێراکاندا باسی ئازادی دەکەن، گەنجێکی وەک ئومێد بارۆشکی تەنها بەهۆی کۆمێنتێکی فەیسبووکەوە لەسەر زیندانییەکی تر، پەڕاوی هەڵبەستراوی بۆ دروست دەکرێت و فڕێ دەدرێتە ناو چواردیوارییەوە. ئەم دەسەڵاتەی ئێمە لە هەولێر، ئەوەندە لەسەر بناغەیەکی لەرزۆک دروست بووە، کە بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بەوەیە چاودێری فاشستی بخاتە سەر خەون و خەیاڵی خەڵکیش، نەوەک ڕۆژێک بیر لەوە بکەنەوە کە شایستەی ژیانێکی باشترن.

کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵە، دادگای کارتۆنی بەکاردەهێنێت بۆ سزادانی چالاکوانان بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی”، مەبەستیان ئاسایشی نیشتمان نییە، بەڵکو ئاسایشی ئەو تاڵانچییانەیە کە نایانەوێت هیچ چاوێک ببینێت چۆن قۆرخکاری بازاڕ و داهاتی دەروازە سنورییەکان دابەش دەکەن. هێزە ئەمنییەکان، کە پێشتر گوایە بۆ بەرگری دامەزرابوون، ئێستا بوونەتە هێزی تاریکی کە کاریان پشکنینی مۆبایل و چاتی تایبەتی هاوڵاتیانە بۆ دۆزینەوەی هەر ڕەخنەیەک. ئەوان سزادانی بەکۆمەڵ و تۆقاندنی دەروونی بەکاردەهێنن، نەک تەنها بۆ داخستنی دەمی ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی پێش ئەوەی پەنجە بنێت بە دوگمەی “بڵاوکردنەوە”دا، بیر لە چارەنووسی منداڵەکانی و دیوارە ساردەکانی زیندان بکاتەوە.

(وەک چۆن میشێل فوکۆ دەڵێت: “بینرانی هەمیشەیی، گەورەترین تەڵەیە”) — ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلە پۆلیسییەیە کە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بە ناوی “شتازی”یەوە جێبەجێ دەکرا، کاتێک دەوڵەت نیوەی کۆمەڵگای کردبوو بە سیخوڕ بەسەر نیوەکەی تریەوە تا تەنانەت لە ژووری نووستنیشدا نەوێرن قسە بکەن. بەڵام ئەم فەنتەڵۆسانەی ئێمە، تەمەڵتر و دڕندەترن؛ ئەوان تەنانەت پێویستیان بە دروستکردنی دەزگایەکی زیرەک نییە، بەڵکو تەنها بە زەبری ڕفاندنی سیاسی و لێپرسینەوەی نایاسایی و دانپێدانانی زۆرەملێ، دەیانەوێت بێدەنگی بکەنە تاکە یاسای ژیان لەم نیشتمانەدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 3,966 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.