عەبدوباست عومەر حەمە
لە گەمە مەهزەلەئامێزەکانی سیستمە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستاندا، هیچ پارادۆکسێک ئەوەندەی دووبارەبوونەوەی پڕۆسەی دەنگدان پێکەنۆک و خەمناک نییە. چوار ساڵ جارێک، شانۆگەرییەکە نۆژەن دەکرێتەوە: سندوقەکان دادەنرێن، بانگەشەی گەرموگوڕ دەستپێدەکات، و هەزاران گەنجی تازەپێگەیشتوو بە هیوا و خەونی نوێوە دەخرێنە ناو پڕۆسەی دەنگدانەوە تا ناویان وەک بەشداربووی دەستووری تۆمار بێت. بەڵام کاتێک سندوقەکان دەپێچرێنەوە و تۆزی بانگەشەکان دەنیشێتەوە، هەمان دەستەگەری، هەمان نەوەکانی یەک بنەماڵە، و هەمان حوکمڕانانی کابینەکەی مەسرور بارزانی و هاوبەشە سیاسییەکانیان دەبینیتەوە کە بە هەمان عەقڵییەت و بەبێ یەک چرکە گۆڕانکاری، خەزێنە و داهاتی وڵاتەکە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەنەوە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە دەنگدانی جەماوەر تەنها کاتکوشتنێکی شەرعییە، نەک ئامرازێک بۆ نوێبوونەوەی دەسەڵات.
ئەم درزە گەورەیەی نێوان «بەشداریی دیمۆکراسیی جەماوەر» و «نەمانی نوێبوونەوەی سیاسی»، جەوهەری تەواوی قەیرانەکەیە. دەسەڵاتداران توانیویانە سیستەمێک بونیاد بنێن کە تێیدا ڕەوتی کات تەنها بۆ هاوڵاتییانی ئاسایی کار دەکات؛ نەوەی نوێ گەورە دەبێت، تووشی بێکاری دەبێت و ئومێدەکانی لەدەست دەدات، بەڵام بۆ نوخبەی فەقمران کات وەستاوە و دەسەڵات وەک میراتێکی ئەبەدی لە باوکەوە بۆ کوڕ و لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر دەگوێزرێتەوە. ئەم پەیوەندییە نەخۆشە، دەنگدانی لە مافێکی بڕیاردەرەوە گۆڕیوە بۆ ڕێوڕەسمێکی بێزیان کە هیچ کارتێکەریکی لەسەر گۆڕینی نەخشەی حوکمڕانی نییە؛ چونکە ژوورە تاریکەکانی بڕیاردان بە شێوازێک تەلبەند کراون کە ڕێگە بە هیچ جۆرە خوێنێکی نوێ یان فکرێکی نوێ نادەن بێتە ناو دروستکردنی ئایندەی وڵاتەوە.
کۆتایی ئەم تاڵییە بێبڕانەوەیە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵ و ڕووتمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە هیچ دروشمێکی حزبەکان ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: دەنگدەری نوێ بەردەوام و بێوەستان دێنە ناو ئەم سیستمە پەککەوتووەوە، بەڵام ڕابەر و سەرکردەی نوێ؟ مەحاڵە پێیان تێبپەڕێنێت.













Leave a Reply