ئاسۆ حسن محمد
پێم وایە هەمو عێراقیەک تەنانەت کوردەکانیش وتارە بەناوبانگ و کاریگەرە مێژوییەکەی (حەجاجی یوسفی سەقەفی)ان بینیوە یان بیستویانە کە خوێنراوەتەوە یانیش لەبارەی وتارەکەوە قسەوباسیان بیستوە.
جا لەیەکەم وتاری هەینیدا کە دەبێتە والی عێراق یەکەم ڕستە و دەسپێکی بەم شێوەیە(يا أهل العراق، يا أهل النفاق والشقاق ومساوئ الأخلاق، إنكم طالما أوضعتم في الفتنة….،
واتە (ئەی خەڵکی عێراق،ئەی خەڵکی دووڕوویی ودووبەرەکی و ڕەوشت پیسی! ئێوە لە مێژە لەناو فیتنەدا ملتان ناوە و پێشبڕکێ دەکەن…
بەڕاستی هەمان وتار بۆ ئێستاش پڕ بە پێستی ئەو گەلەیە کە تەنها بە سیستمی خێڵ و میلیشیا و مەزهەبەوە خۆیان بە سەرکەوتو و ڕاوەستاو دەزانن.
ئەوەتا بەرهەمی ئەو بیر کردنەوە بێزراو ناشارستانی و خێڵەکیەیە عێراقی گەیاندوەتە لێواری هەڵدێر و ملی بەرەو شکستێکی تری دوای ئەو هەمو شکستە یەک لەدوای یەکەی کە پیایدا تێپەڕیوە شۆڕ دەکات.
میلشیا بوە بە ڤایرۆسێکی مەترسیدار و لەجەستەی ئیدارە و دامودەزگا و حیزب و ڕێکخراو تەنانەت خێزانەکانیشدا مەڵۆی کردوە و خەریکی داڕزاندنی جەستەی عێراقە.
گرفتەکە تەنها ئەم میلیشیاو ڕێکخراوە چەکداریانە نیە بەڵکو عەقڵیەتی خەڵکی عێراقە بەشێکی زۆر لە ژنان و پیاوانیانەوە بەهەمان شێوە بیر دەکەنەوە هەر بۆیە میلیشیاکان لەهەناوی خەڵکی عێراقەوە لەدایک دەبن.
کوشتنی مرۆڤ لەسەر جیاوازی مەزهەب لەهەمو دونیا نەماوە بەڵام لەعێراقدا هێشتا ئەم زیهنیەتە کار دەکات ، لەسەر جیاوازی نەتەوەیی بەردەوامن لە جینۆساید و ئەنفالی سپی واخەریکن لە ناوچە سنوریەکانی کوردنشین کە کوشتن و گرتن و ڕاوەدو نان و تاڵانی بەردەوامە.
چیبکەین تا لەم قایرۆسی میلیشیا گەریە ڕزگارمان ببێت.؟
بەڕاستی پرسیارێکە هێندەی ئاڵۆزی عێراق ئاڵۆزە و وەڵام دانەوەی ئەستەمە.
بەڵام ئەو نەفەس و بیر کردنەوە فراوانەی لە مێشکی کەمێک لە گەنجانی تاراوگەو کوردانی دورە وڵات و عێراقیەدیموکرات و لیبرالیستەکاندا هەیە سەرەتایەکی باشە بۆ ناشتنی تۆوی بیری ئازادی ئاینی و نەتەوەیی لە کێڵگەی کۆمەڵگای عێراقیدا.
لە کوردەواریدا دەڵێ (کەم و کەم و کەم زۆرەکات)واتە با کەمیش بین بەڵام ئەگەر نزیک بین لەیەک و ئامانجەکان یەک بن و بەردەوام بین لە تێکۆشان کاریگەریەکەی زۆر دەبێت و دەکرێ نەوەیەک دروست ببێت لەهەناوی بیری دیموکراتی و لیبرالیزمەوە لەدایک بوبن.













Leave a Reply