سەرکردەکان شەڕی سوکانەکەی دەکەن، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکە ئەسڵەن جووڵەی نەماوە!

بینراوە: (11)

شوان عبدالرحمن حارس

هیچ وێنەیەک ئەوەندەی ململانێی هێزە دەسەڵاتدارەکان لەسەر «پۆست و دەسەڵات» پێکەنۆک و لە هەمان کاتدا کارەساتبار نییە. کاتێک گوێ لە لێدوانە ئاگرینەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، یان دەستەگەرییەکانی ناو کابینەکەی مەسرور بارزانی دەگریت، وا هەست دەکەیت کەشتیی وڵات لەسەر لێواری سەرکەوتنێکی مەزنە و تەنها کێشەیەک کە مابێت، دیاریکردنی ناو و ڕەنگی بەڕێوەبەرەکەیەتی. سەرکردەکانی هەردوولا بە ڕەقەئارەق و هەناسەبڕکێوە خەریکی شەڕی دەستبەکاربوونن لە سەرۆکایەتیی حکومەت، بەدەستێنانی وەزارەتە داهاتدارەکان، و بەکارهێنانی کارتەکانی ڤیتۆ لە دژی یەکتری؛ هەمووان دەیانەوێت دەستیان لەسەر «سوکانەکە» بێت، بەڵام سەرسوڕهێنەرەکە ئەوەیە کە هیچ کام لەم جەنگاوەرانە نە پرسێک دەوروژێنن و نە حەوزێکی بڕیاردان دروست دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە جەوهەرییەکە: ئەم ئۆتۆمبێلە بۆچی ئەسڵەن لە جووڵە کەوتووە و بزوێنەرەکەی بە تەواوەتی کوژاوەتەوە؟

ئەمە ترۆپکی کورتبینیی سیاسییە؛ کاتێک سیستمێک ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەی تووشی ئیفلیجی کردووە، کەرتی گشتیی بە یەکجاری پەکخستووە، و تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی لەناو زەلقاوی تاڵانی و کۆمپانیا سێبەرەکاندا خنکاندووە، کەچی هێشتا تەواوی کاتی خۆی بۆ سەوداکردنی کورسیی کۆنتڕۆڵکردن تەرخان دەکات. لە شوێنی ئەوەی باسی داڕمانی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی کارەبا، بێکاریی گەنجان، یان داڕزانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی بکەن، شەڕی ئەوە دەکەن کێ دەبێت شۆفێری ئەم وێرانەیە بێت! لە واقیعدا، هێنانەپێشەوەی شەڕی دەسەڵات تەنها فێڵێکی نەگریسە بۆ داپۆشینی فەشەلی ستراتیژی لە بەڕێوەبردندا؛ ئەوان باش دەزانن کە ئۆتۆمبێلەکە بەنزینی تێدا نەماوە و تایەکانی تەقیون، بەڵام بەم جەنگە ڕاگەیاندنییە دەیانەوێت مێشکی جەماوەر بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن تا کەس نەپرسێت: پارەی سوتەمەنیی ئەم وڵاتە چوو بۆ کوێ؟

کۆتایی ئەم تاڵییە بێبڕانەوەیە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازار و ڕووتمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە هیچ بەڵێنێکی ڕاگەیاندن ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: لە سیاسەتی بێپڕەنسیپی کوردستاندا، بردنەوەی کورسیی شۆفێر و دەستگرتن بەسەر سوکانی وڵاتدا هیچ بەهایەکی نییە و تەنها وەهمێکە، کاتێک تەواوی وڵاتەکە بە ئیفلیجی ڕاوەستاوە و بەستراوەتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 111 Today: 3,298 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.