بڵقەکە تەقی

بینراوە: (4)

یاد هیوا عەبدوڵا

بۆ ماوەیەکی کورت، دروشم و هەواڵەکانی شەڕی دژ بە گەندەڵی ببووە تاقە مژاری سەرەکیی تەواوی گفتوگۆ سیاسی و میدیاییەکانی عێراق. شەقام بە خولیای بینینی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دزەکانەوە مۆبایل و شاشەکانیان دەپشکنی، بەڵام زۆری پێ نەچوو کە ئەو تاووتوێ و خرۆشە گەورەیە کز بوو و هێز و گوڕی کەمپینەکە بە تەواوی بەرەو کاڵبوونەوە چوو. لێرەدا بڵقەکە تەقی و واقیعی کۆن وەک خۆی لێ هاتەوە، ئەمەش سەرلەنوێ ئەو پرسیارە جەوهەرییەی زەق کردەوە: ئایا ئەو کەمپینە سەرەتایەک بوو بۆ وەرچەرخانێکی دامەزراوەیی و بەردەوام، یان تەنیا نمایشێکی تەلەفزیۆنی و شانۆیەکی سیاسیی کاتی بوو کە بەدیهاتنی ئامانجە خێرا و پشتپەردەییەکانی، پەردەی کۆتایی بەسەردا کێشرا؟

هاوڵاتیان هەرگیز پێوەر و دادوەرییەکانیان بۆ سەرکەوتنی کەمپینەکانی دژ بە گەندەڵی، لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو دەستگیرکردنانە دانانێن کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا بە شانازییەوە ڕادەگەیەنرێن. خەڵک زۆر لەوە هۆشیارترن بە ژمارەکان بخەڵەتێن؛ ئەوان کاتێک باوەڕ بە چاکسازی دەکەن کە ببینن دوای کۆتاییهاتنی کەمپینەکە، ئەنجامدانی گەندەڵی و دزینی سامانی گشتی لە ناو فەرمانگەکاندا قورستر بووە و ڕێڕەوەکانی سەرانەسەندن و پشککاری داخراون. ئەگەر پۆستەکان گۆڕدرابن بەڵام میکانیزمی بەڕێوەبردنی پارە و واژووبوونی گرێبەستەکان وەک خۆی مابێتەوە، ئەوا هیچ شتێک نەگۆڕاوە.

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەگەر پێکهاتە و ڕەگی سیستمە سیاسی و کارگێڕییەکە بێ دەستکاریکردن و بەبێ چاکسازیی ڕیشەیی بمێنێتەوە، ئەوا تەقینەوەی ئابڕووچوون و دۆسیەیەکی تری خەیاڵیی گەندەڵی لە داهاتوودا تەنیا ئەگەرێک نییە کە بۆی بڕەخسێ، بەڵکو ڕوودانی یەکلابووەتەوە و تەنیا مەسەلەی کاتە. تا ئەو کاتەی یاسا نەکرێتە دیوارێکی کۆنکرێتی لەبەردەم هەموواندا، نمایشە کاتییەکان تەنیا بۆ کڕینی کات و ڕازیکردنی کاتیی شەقامن، و وڵاتەکە لەناو هەمان بازنەی داخراوی قەیرانەکاندا دەهێڵنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 77 Today: 2,008 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.