دیاری فەرەیدون کەریم
لە سەردەمی ڕژێمەکانی پێشوی عێراقدا بەتایبەت ڕژێمی لەناوچوی بەعسدا حاڵەتی بەعەرەب کردنی ناوچە کوردستانیەکان کاری لەسەر دەکرا تا گەشتە ئاستی دیاردە، بەڵام کارەساتی نوێ ئەوەیە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و بەهێز و لۆژیکی میلیشیاکانی عێراق بەتایبەت حەشدی شەعبی نەک تەنها دیاردەی بەعەرەب کردن ، بەڵکو بوە بە کلتوری بەعەرەب کردنی ناوچەکانی خانەقین و کەرکوک و بەدرە و جەسان و دوس خورماتو.
ئەمە ئەو مەترسیەیە کە پێویستە هەڵوێستەی جدی لەسەر بکرێت و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەبەرانبەر ئەم جۆرە لە ئەنفال و جینۆسایدەدا.
داگیرکاری خاک ئەکرێ ڕۆژێک لەڕۆژان یاسای نێودەوڵەتی بێتە ناو هاوکێشەکەوەو خاکە داگیر کراوەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان و مافەکانیان بگەڕێتەوە کە خاکی خۆیانە ، بەڵام داگیر کردنی زمان لێسەندنەوەی شوناسی زمان مەترسیدار ترین جینۆساید و کوشتنێکی هێواشە ، کوشتنی زمانی دایک بۆ هەمیشە سڕینەوەی ناسنامەو ڕەچەڵەکی ئەو کەسایەتیەیە کە بە زمانی عەرەبی بڵێت من کوردم…!
لە هەفتەکانی ڕابردودا چەند چالاکوانێک لەسنوری خانەقین هەڵمەتی زیندو کردنەوەی زمانی دایک (کوردی)یان ڕاگەیاند کە لەسەر تابلۆی دوکانەکانیان بە کوردی بنوسن، بەڵام میلیشیاکانی حەشدی شەعبی زۆر خێرا هاتنە نێو بابەتەکەو ڕێگریان کرد تەنها ڕێگریەکی ئاسایی نا بەڵکو بەشێکی زۆر لەچالاکوانانیان دەستگیر کرد و ئەشکەنجەیاندان و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردن کە ئەو هەوڵەو چالاکیە دوبارە نەکرێتەوە، بۆیە بەناچاری لە ترسی کوشتنیان دوبارە لەزمان کەوتن و نەیان توانی بەزمانی دایک بڵێن ئێمە هەڕەشەمان لێ کراوە بەبێ دەنگی دانیشتن و خەونی خۆیان لەهەناویاندا لەگۆڕنا.
ئێمەی چالاکوانان لە تاراوگە کە ئەم ئەنفال و جینسایدە جیاوازە دەبینین ئەرکە لەسەمان کە بە نوسین بە چالاکی بە خستنە سەر خەتی دامودەزگا نێو دەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ و کلتورەکان ئاگادار بکەینەوە کە کوردی ناوچەکانی سەر سنوری عێراق واتە ناوچە کوردستانیەکانی کە لە سنوری خاکی عەرەبی عێراقیدان لەبەردەم هەڕەشەی جدی و مەترسی لەناوبردندان.
ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی دەنگی ئازادیمان بەرز کەینەوە ، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پێکەوە دەنگی مەزڵومیەتی گەلەکەمان بگەیەنین بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتە دیموکراتی خواز و لیبراڵەکانی دوونیا.















Leave a Reply