حازم محمد جەلال
وەک ئەختەپووتێکی زەبەلاح کە هەموو قاچەکانی ئاڵاندووەتە جەستەی زەریاکەوە، یەکێکیان چەکی بەدەستەوەیە، ئەویتریان کامێرایەک بۆ ڕوماڵکردنی خەیاڵ، و ئەوانی دیکەش خەریکی هەڵمژینی کۆتا دڵۆپەکانی ئاوی زیندەوەرەکانن؛ پارتی و یەکێتیش بەمجۆرە بەسەر تەواوی جەستەی هەرێمی کوردستاندا باڵیان کێشاوە. کاتێک گەنجێک دەیەوێت کارێک بدۆزێتەوە و دەبێت بزانێت کۆمپانیاکەی سەر بە کام لایەنە، یان کاتێک هاوڵاتییەک کێشەیەکی هەیە و لەبری دادگا پەنا بۆ مەکتەبی سیاسی یان فەرماندەیەکی سەربازی دەبات، و کاتێک میدیاکان لەبری ڕوماڵی واقیع، خەریکی پەخشکردنی وێنەی فۆتۆشۆپکراوی سەرکردەکانن، ئێمە دەزانین کە ئەمە چیتر دەوڵەت نییە. ئەمە گەورەترین مۆنۆپۆڵی سیاسی و ئابوورییە لە مێژوودا کە تێیدا حیزب بووەتە خاوەنی هەموو شتێک؛ لە هەوای ئاسمانەوە تا قووڵایی بیرە نەوتەکان.
ئەم قۆرخکارییە گشتگیرە، کە تێیدا ئابووری، ئاسایش و ڕاگەیاندن کراونەتە سێکوچکەی مانەوەی دەسەڵات، دەرەنجامی هەڵبژاردن یان ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئەنجامی پرۆسەیەکی بەئەنقەستە بۆ لەناوبردنی چەمکی “گشتی” و جێگرتنەوەی بە چەمکی “حیزبی”. ئەوان هێزە ئەمنییەکانیان نەک بۆ پاراستنی هاوڵاتی، بەڵکو بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانیان و خاڵە سنوورییەکانیان تەیار کردووە. میدیاکانیشیان نەک بۆ هۆشیارکردنەوە، بەڵکو بۆ شوشتنەوەی مێشکی کۆمەڵگا و گۆڕینی شکستەکانیان بۆ سەرکەوتنی وەهمی بەکاردەهێنن.
(وەک چۆن ئەنتۆنیۆ گرامشی دەڵێت: “هێژمۆنیای ڕاستەقینە کاتێکە کە دەسەڵات نەک تەنها بە زەبری هێز، بەڵکو بە دەستبەسەرداگرتنی عەقڵ و ئابووری، ستەمەکەی خۆی وەک شتێکی سروشتی پیشانی کۆمەڵگا دەدات”) ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە مەکسیکی سەردەمی حیزبی شۆڕشگێڕی ئینستیتیوتیدا ڕوویدا، کاتێک بۆ حەفتا ساڵ یەک حیزب تەواوی سەندیکاکان، سوپا، کۆمپانیاکان و میدیای وڵاتی قۆرخ کردبوو، بە جۆرێک هیچ کەس نەیدەتوانی هەناسە بدات بەبێ مۆڵەتی ئەوان. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە مۆدێلی مەکسیکیش ترسناکترن؛ ئەوان لە جیاتی یەک حیزب، دوو حیزبی چەکداریان هەیە کە لەسەر دابەشکردنی نیشتمان ڕێککەوتوون، و هەر کاتێکیش لەسەر غەنیمەتەکان ناکۆک بن، وڵات دەخەنە لێواری جەنگێکی ناوخۆیی و میدیاکانیان دەکەنە سەکۆی سوکایەتیکردن بە یەکتر.
ئەم زەلکاوە سیاسییە وایکردووە کە تەنانەت بازرگانە ئاساییەکانیش ناتوانن لە دەرەوەی ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییەدا گەشە بکەن. هەر پرۆژەیەکی گەورە لە کوردستاندا، پێش ئەوەی مۆڵەتی یاسایی وەربگرێت، دەبێت پشکی شێری بۆ کۆمپانیاکانی ئەم فەنتەڵۆسانە دابین بکات. ئەوان شارەزایەکی بێوێنەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی بازاڕ بکردنی دەسەڵاتدا؛ وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکان و تەنانەت زەوییەکانیش وەک پشکی کۆمپانیا دەفرۆشرێن و دەگۆڕدرێنەوە. ئەمە حوکمڕانی نییە، بەڵکو گەورەترین ڕێکخراوی چەتەگەرییە کە بە ناوی یاساوە خۆی ناساندووە.













Leave a Reply