جێگر بۆرهان معمد
وەک خاوەن کێڵگەیەک کە ڕۆژانە بەرهەمی زەوییەکەی بە بەرزترین نرخ دەفرۆشێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر پێدانی کرێی جوتیارەکان، سندووقێکی بەتاڵیان پیشان دەدات و دەڵێت “دراوسێکانمان ڕێگەیان نەدا پارە بهێنمەوە”، پاشانیش هەر جوتیارێک گلەیی بکات، بە قامچی لێی دەدات؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە حوکمڕانی دەکەن. کاتێک فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ ماوەی دە ساڵ لە ژێر باری بڕین، دواکەوتن و چارەکە مووچەدا دەپلیشێنەوە و زیاتر لە ٢١ ملیار دۆلاریان لێ قەرزدار دەکرێت ، لە هەمان کاتدا ملیاران دۆلار لە داهاتی نەوت بە ناوی “شیرینی” و گرێبەستی شاراوەوە دەچێتە هەژماری نهێنیی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە. ئەمە قەیرانی ئابووری نییە؛ ئەمە سیاسەتێکی وردی برسیکردنە بۆ ئەوەی هاوڵاتی هێندە سەرقاڵی پەیداکردنی نانی ڕۆژانەی بێت، هەرگیز کاتی ئەوەی نەبێت پرسیار لەسەر ئەو سامانی نەوتە بکات کە لەبەرچاوی خۆیدا تاڵان دەکرێت.
لەم هاوکێشە ترسناکەدا، مووچە و نەوت تەنها دوو ڕەهەندی ئابووری نین، بەڵکو دوو ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگان. دەسەڵات نەوت دەفرۆشێت بۆ قەڵەوکردنی قاصەکانی خۆی، و مووچەی خەڵک دەبڕێت یان دایدەخاتە سەر لوتفی بەغدا ، بۆ ئەوەی خەڵک هەمیشە لە دۆخی چاوەڕوانی و لاوازیدا بمێننەوە. کاتێکیش هاوڵاتییەک یان ڕۆژنامەنووسێک ئامادە نابێت ئەم یارییە قبوڵ بکات و پەنجە دەخاتە سەر گەندەڵییەکان، دەسەڵات سێیەمین ئامرازی خۆی بەکاردەهێنێت: سەرکوتکردن و بێدەنگکردن.
دەسەڵات بەبێ داواکردن و فشار هیچ شتێک دەستبەردار نابێت، لە ڕابردوودا نەیویستووە و هەرگیزیش نایەوێت ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە ڤێنیزوێلای سەردەمی مادورۆدا پەیڕەو دەکرێت، کاتێک وڵاتێک کە گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانی هەیە، هاوڵاتییەکانی لە برسا لە تەنەکەی خۆڵدا بەدوای خواردندا دەگەڕێن، و هەر چالاکوانێکیش پرسیار بکات نەوتەکە چی لێ هات، یەکسەر بە ناوی “تێکدەری ئاسایشی نەتەوەیی” و “کرێگیراوی دەرەکی” دەخرێتە زیندانەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لە مادورۆش درۆزنترن؛ ئەوان لەبەردەم باڵیۆزخانەکاندا خۆیان وەک قوربانیی دەستی بەغدا و پەناگەی ئازادی دەناسێنن، بەڵام لە واقیعدا دادگاکانیان ناچار کردووە سزای قورس بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکواناندا بسەپێنن کە تەنها باسی مووچەی نەدراو و گەندەڵییەکانیان کردووە.
ئەم دەسەڵاتە لە هۆشیاری و توڕەیی پەنگخواردووی ئێوە دەترسێت زۆر زیاتر لەوەی ئێوە لە زیندانە تاریکەکانی ئەوان یان بڕینی مووچەکانتان بترسن. ئەگەر ئەوان لە شەرعیەتی خۆیان دڵنیابوونایە، هەرگیز نەیاندەویست نانی منداڵەکانتان بکەنە کارتی دانوستان و بە کەلەپچەش وەڵامی پرسیارەکانتان بدەنەوە. حکومەتێک کە مانەوەی خۆی لەسەر دزینی سامانی وڵاتەکەی و بڕینی زمانی ڕەخنەگرەکانی بنیات بنێت، پێشتر مەرگی ئەخلاقی و سیاسیی خۆی واژۆ کردووە و تەنها هاواری بێترسی ئێوەیە کە دەتوانێت کۆتایی بەم بازرگانییە قێزەونە بهێنێت کە بە ناوی حوکمڕانییەوە دەکرێت!















Leave a Reply