دەسەڵات بووەتە بازرگانییەکی خێزانی!

بینراوە: (21)

ڕامیار یەحیا

گەورەترین بازرگانی و پڕۆژەی وەبەرهێنان کە قازانجێکی خەیاڵی و بێكۆتایی هەبێت، نە کەرتی نەوتە و نە پیشەسازی، بەڵکو خودی “دەسەڵات” و کورسیی حوکمڕانییە کە بە تەواوی گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی بازرگانیی خێزانی و بنەماڵەیی. لەم وڵاتەدا کە بڕیار بوو نموونەیەک بێت بۆ دیموکراسی و یەکسانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نوخبەی سیاسی زۆر وەستایانە توانیویانە دەسەڵات لە بازنەیەکی زۆر تەسکدا قۆرخ بکەن، بە جۆرێک کە پۆستە باڵاکان، سامانە نیشتمانییەکان، و بڕیارە چارەنووسسازەکان تەنیا لە دەستی چەند خانەوادە و تۆڕێکی دیاریکراوی حزبی و بنەماڵەییدا چەقیوە. کاتێک هاوڵاتییەک سەیری پێکهاتەی حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکان و ئابوورییەکان دەکات، هەست دەکات سەیری لیستی میراتگرانی کۆمپانیایەکی تایبەت دەکات نەک دامەزراوەی وڵاتێکی دیموکرات؛ چونکە لەم سیستەمەدا، کوڕ جێگەی باوکی دەگرێتەوە، برا دەبێتە جێگری براکەی، و خزمایەتی بووەتە تاکە پێوەر و بڕوانامە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا و بەڕێوەبردنی سامانی گشتی.

ئەمە لوتکەی سووکایەتییە بە خەون و خوێنی ئەو نەوەیەی کە باوەڕی وابوو بە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، کەرامەت و یەکسانی دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤی کورد؛ کەچی ئێستا گەنجێکی زیرەک و خاوەن بڕوانامەی باڵا، ئەگەر سەر بەو تۆڕە خێزانی و حزبییە نەبێت، هەرگیز ناتوانێت خەون بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکی بچووکیشەوە ببینێت و ناچارە یان لە بێکاریدا بڕزێت یان ڕێگەی تاریکی کۆچ هەڵبژێرێت. لە کاتێکدا باوکێکی ماندوو لە گەرمای چل و پێنج پلەدا بۆ لیترێک بەنزین و چەند کاتژمێرێک کارەبای مۆەلیدە دەپاڕێتەوە، کوڕە بەرپرسێک لە کۆشکە فێنکەکەیدا، بەبێ هیچ ماندووبوونێک و بە میرات کراوەتە بڕیاردەری چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤ و خاوەنی سەروەتێکی خەیاڵی کە لە داهاتی نەوتی ئەم نیشتمانە دزراوە. ئەوان وەها مامەڵە لەگەڵ خاکی کوردستان دەکەن کە وەک بڵێیت تاپۆی ڕەشی باپیرییانە و هاوڵاتییانیش تەنیا کرێچییەکی بێ مافن کە دەبێت باجی مانەوەیان لەو “موڵکە”دا بدەن.

ئەم واقیعە تاڵە وەهای لە شەقام کردووە کە بە قووڵی گومان لە هەموو پرۆسەیەکی دیموکراسی بکات. کاتێک هاوڵاتییان بە بێهیواییەوە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چیتر پرسیار لەوە ناکەن کە کێ کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، چونکە ئەوان باش دەزانن کە هەڵبژاردن لەم وڵاتەدا بۆ ئەوە نییە سەرکردایەتییەکی نوێ و خزمەتگوزار دیاری بکات، بەڵکو سندوقی دەنگدان تەنیا ئامرازێکە بۆ شەرعیەتدان و پەسەندکردنەوەی هەمان ئەو دەموچاو و خانەوادە حوکمڕانانەی کە پێشوەختە و لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بڕیاریان لەسەر دراوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 266 Today: 2,415 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.