مەولوود حەسەن مەحموود – چالاکوان
کەرتی تەندروستی کە لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو و مامناوەند بەکەرتی گشتی یان کەرتی نیشتیمانی تەندروستی ناوزەند دەکریت و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێ بەرامبەر یان بە تێچوویەکی کەم دەستەبەر دەکات بۆ هاوڵاتیان ، وە ئەرکی هەرە حوکمەتە کە ئەم خزمەتگوزارییە بەباشترین شێوەو بەکەمترین تێچوو پێشکەش هاوڵاتیان بکات ، حوکمەت لەسەری ئەرکە کە نەخۆشخانەی پێوست و پزیشک و کارمەندی پسپۆر بۆ کەرتی تەندروستی فەراهەم بکات لەپێناو بە تەندروست مانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەبەر ئەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە پەیوەستە بە هەبونی تاکی تەندروستەوە.
دۆخی کەرتی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان !
بارودۆخی کەرتی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان تەواو جیاوازەو پێچەوانەی سەرجەم وڵاتانە بەشێوەیەک داتاکانی کەرتی تەندروستی شۆک هێنەرن و کەرتی تەندروستی تەواو پەکی کەوتووەو لەخراپترین ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدایە ، کەرتی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان کەرتێک نییە کە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بەهاوڵاتیان بکات وەک یەکێک لەمافە بنچینەییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بەڵکو دەسەڵاتدارانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی بازرگانی و خۆدەوڵەمندکردن دەڕواننە ئەم کەرتەو کردوویانەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆیان و کەسانی نزیک لە خۆیان بۆ ئەم مەبەستەش درێخیان نەکردووە لە پەکخستنی کەرتی تەندروستی گشتی و لەبەرامبەردا گرنگیدان بەکەرتی تەندروستی تایبەت ، بەڕادەیەک کە لەنەخۆشخانە گشتییەکاندا ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕ زۆر کەمەو وە هەندێک لە پسپۆڕییەکان هەر بەردەست نییە وە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانەی گشتی پەکخراون وەک نەبونی کارمەندو نەبونی دەرمانی پێویست و نەبونی پشکنینی پێویست ، هەمو ئەم کارانەش بەبەرنامە ڕێژی لەلایەن کەسانی دەسەڵات دار لەحوکمەت دا دەکرێن لەپێناو ناچارکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەکەرتی تەندروستی تایبەت لەبەرئەوەی خاوەندارێتی زۆربەی کەرتی تەندروستی تایبەت دەگەڕێتەوە بۆ کەسانی باڵا دەستی حیزبی و حوکمی.
وەزیری تەندروستی حوکمەتی ماوە بەسەرچوی هەرێم و شکستەکانی!
وەزیری تەندروستی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بەناوی (سامان بەرزنجی) ئەم وەزیرە بەپێی پێوەرە زانستی لێهاتوییە ئیدارییەکان نەکراوەتەوە وەزیری تەندروستی بەڵکو جەنابی وەزیری لەسەر بنەمای وەلائی حیزبی دڵسۆزی و گوێڕایەڵی بۆ حیزب کراوەتە وەزیری تەندروستی ، ئەم وەزارەتە کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەحوکمەت وە سامان بەرزنجیش کادریکی حیزبی کوێڕایەڵی حیزبەکەیەتی بۆیە لەم پۆستەدا دانراوە لەپێناو بازرگانیکردن و کۆکردنەوەی پارە بۆ حیزب و دەسەڵاتداران.
وەزیری تەندروستی لەماوەی کارکردنیدا وەزارەت و کەرتی تەندروستی ڕوبەروی چەندین شکستی کردۆتەوە ، وەک نەبونی نەخۆشخانەی پێویست ، نەبونی پزیشکی پسپۆڕ نەبونی کارمەندی پێویست ، نەبونی دەرمان و پشکنین لە نەخۆشخانە گشتتیکەکاندا ، لەبەرامبەریشدا گرنگیدان بەکەرتی تەندروستی تایبەت و پێدانی چەندین ڕێگەپێدان بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت کەخاوەندارییان دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسەکان و خزمەتگوزاری بەنرخێکی زۆر بەرز پێشکەش دەکەن ، کارئاسانی کردن بۆ کردنەوەی چەندین کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان کەخاوەندارییان بۆ بەرپرسانی حیزبی حوکمی دەگەڕیتەوە لەپێناو بازرگانیکردن و کۆکردنەوەی پارەدا ، وە کەمکردنەوەی ژمارەی پزیشکان و کارمەندان لەکەرتی گشتی و لەبەرامبەردا هاندانیان بۆ کارکردن لەکەرتی تایبەت ، سەرەڕایی هەمو ئەم کارە چەوتانەی وەزیر و وەزارەتی تەندروستی لەماوەی ئەم چەند ساڵەی فەرمانڕەواییان لەهەمان کاتدا وەزارەتەکە چەندین شکست و کۆسپی تەندروستی گەورەشی لە خۆگرتووە وەک پێدانی دەرمانی هەڵەو دابەشکردن و ساخکردنەوەی دەرمان و پێداوستی پزیشکی خراپ و ماوە بەسەرچوو لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرپرسان کە لەئەنجامدا چەندین کەیسی مردن و لەدەستدانی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ هەن کە قوربانی دەستی بازرگانی کەرتی تەندروستین لەلایەن بەرپرسانەوە لەهەرێمی کوردستان .
بازرگانیکردن بەتەندروستی هاوڵاتیانەوە لەلایەن بەرپرسانی حوکمەتی ماوە بەسەرچوی هەرێم و وەزارەتی تەندروستییەوە کارێکی قێزەونەوە پێچەوانەی یاسا و وە بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤە ، هیوادارم هەرچی زووە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەست لەبازرگانیکردنی بە ژیان و تەندروستی هاوڵاتیانەوە هەڵبگرن و هەوڵبدەن پەرە بە کەرتی تەندروستی گشتی بدەن وە کوالیتی خزمەتگوزاری تەندروستی بەرزبکەنەوەو سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بێ بەرامبەر یان بە تێچوویەکی کەم پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن.












Leave a Reply