ناوی بنەماڵە نابێت لە یاسا بەهێزتر بێت!

بینراوە: (78)

ئەحمەد خالید

لە دەوڵەتی مۆدێرندا، بەردی بناغەی دادپەروەری لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە “هەموو هاوڵاتییان لە بەردەم یاسادا یەکسانن و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.” بەڵام لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستاندا، زۆرجار کێشی ناوی بنەماڵە، عەشیرەت، یان پلەوپایەی سیاسیی کەسەکان دەبێتە پارێزبەندییەکی ئەستوور لە بەرامبەر دادگاکاندا. کاتێک کەسێک پەیوەندیی بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، سەرۆک هۆزەکان، یان بەرپرسە باڵا سەربازییەکانەوە هەبێت، تەنانەت لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی قورسیشدا، سیستەمی دادوەری ڕووبەڕووی ئیفلیجی دەبێتەوە.

ئەم پاراستنە لە ڕێگەی دەستتێوەردانی ئەمنی، گوشاری کۆمەڵایەتی، یان ڕێککەوتنی ژێر بە ژێر دەکرێت، تا ئەو کاتەی دۆسیە یاساییەکە لەناو تەمومژدا ون دەکرێت و قوربانییەکە ناچار دەکرێت بە سوڵحی عەشایەری ڕازی بێت.

ئەم دووفاقییە لە جێبەجێکردنی یاسادا زیانێکی قەرەبوونەکراو بە شکۆی دامەزراوەکانی دەوڵەت و متمانەی گشتی دەگەیەنێت. کاتێک هاوڵاتییەکی ئاسایی لەسەر کێشەیەکی بچووک یان قەرزی سەر شانی بەخێرایی دەستگیر دەکرێت و سزا دەدرێت، بەڵام کوڕ یان کەسوکاری بەرپرسێک بە چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ بەسەر شەقامەکاندا دەسووڕێتەوە بەبێ ئەوەی کەس بوێری ڕاگرتنی هەبێت، دەوڵەتداری لە جەوهەری خۆی خاڵی دەبێتەوە. پێویستە دادگاکان و هێزە ئەمنییەکان پابەندی بەڵگە و ماددە یاساییەکان بن نەک پاشگری ناوی بنەماڵەی تۆمەتبارەکان. پاراستنی کەرامەتی کۆمەڵگا لەوەوە دەستپێدەکات کە یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک بچەسپێت؛ هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بەرەو پێش بچێت کاتێک پێگەی خێزانی و سیاسی بتوانێت تەرازووی دادپەروەری بەلاردا ببات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 170 Today: 2,961 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.