کوردستان لە نێوان بەڵێنێک و هەڕەشەیەکدایە!

بینراوە: (1)

مەهدى حەسەن ئەحمەد

لە یاریی چەپەڵ و ماندووکەری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا، تەواوی ئایندەی نەتەوەیەک لە نێوان فیز و بێ مستەواى دوو هێزی خۆپەرستدا هێڵدراوەتەوە. لە لایەکەوە، مەسرور بارزانی بە دڵنیاییەکی ڕەهاوە دەهاتە سەر شاشەکان و بەڵێنی بێبڕانەوەی دروستکردنی حکومەتی دەدا، وەک ئەوەی هەرێمەکە تاپۆی تاپۆکراوی بنەماڵەکەی بێت و هیچی لەسەر وەستابێت؛ لە لایەکی ترەوە، یەکێتیی نیشتمانی لە ڕێگەی بڵندگۆ و لێدوانە ئاگرینەکانییەوە هەڕەشەی دەکرد کە بەبێ ڕەزامەندی و بەشداریی ئەوان، بارزانی تەنانەت خەونی حوکمڕانیشی بە چاو نابیستێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ساڵ و مانگەکان بەسەر ئەم نمایشی ماسولکە نیشاندانە بەتاڵەدا، هاوڵاتیی بێدەرەتان لە ناوەڕاستی ئەم دووکەڵە ڕاگەیاندنییەدا حەپەساوە و بە دیار داڕمانی ژیانییەوە دادەنیشێت. پرسیارە جەوهەری و سەرسوڕهێنەرەکە ئەوە نییە کێ لەم شەڕەدا بەهێزترە، بەڵکو ئەمەیە: ئەگەر هەردوو لا ئەوەندە بڕوایان بە هێزی خۆیان هەبوو و بەو جۆرە بە دڵنیاییەوە قسەیان دەکرد، ئەی بۆچی کوردستان هێشتا لەم ژووری چاوەڕوانییە ئیفلیجکەرەدا دەپووکێتەوە؟

ئەم وەڵامنەدانەوەیە، ڕاستییەکی زۆر تاڵ هەڵدەماڵێت: ئەوەی دەگوزەرێت ململانێ نییە لەسەر پرنسپڵ، سەروەریی یاسا یان خزمەتکردنی خەڵک، بەڵکو بێتوانایی و ئیفلیجیی دەسەڵاتێکە کە تەنانەت ناتوانێت یارییە دروستکراوەکانی خۆشی بەڕێوە ببات. لە کاتێکدا بەرپرسان لە پشتی پەردەوە خەریکی سەوداکردنی نەوت، گومرگ و دابەشکردنی زۆنەکانی دەسەڵاتن، لەبەردەم کامێراکاندا ڕۆڵی دوو دوژمنی سەرسەخت دەگێڕن تا شەقام بە بابەتی بێبایەخەوە سەرقاڵ بکەن. لە نێوان «بەڵێنە وەهمییەکانی بارزانی» بۆ حوکمڕانیی ڕەشید و «هەڕەشە بەتاڵەکانی یەکێتی» بۆ بەرەنگاربوونەوە، تەنها شتێک کە بە کرداری بوونی هەیە، ڕاوەستانی گەشەی ئابووری، داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و باجە قورسەکانە کە خستوویانەتە سەر شانی جەماوەر.

کۆتایی ئەم گەمە سیاسییە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازارمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر بە هیچ گوتارێک پەردەپۆش ناکرێت: کوردستان نە بە بەڵێنی حکومەتداری گەیشت و نە بە هەڕەشەی چاکسازی؛ بەڵکو لە نێوان درۆکانی هەردوو لادا ببووە بارمتەیەکی بێپەنا کە تا دێت لە ناو زیندانی چاوەڕوانییدا دەخنکێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 9 Today: 17 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.