محمد ئەحمەد قادر
لە ناوەڕاستی ئەو ململانێ میدیایی و ڕاگەیاندنە بێزارکەرەی دەسەڵاتدارانی بەحرکە و زۆنەکانی دەسەڵاتدا، کە ڕۆژانە بەراوردی بێبایەخ لەسەر جیاوازیی نرخی سوتەمەنی، باج یان خزمەتگوزاری لەنێوان هەولێر و سلێمانی دەکەن، سەرنجی هاوڵاتییان لە کێشە جەوهەرییەکە لادەدرێت؛ جەنگەکە ناخرێتە سەر ئەوەی کە کام شار یان کام زۆن شایستەی ژیانێکی باشترە، بەڵکو دەکرێتە یارییەکی خۆڵکردنەچاو تا خەڵک لە بیرکردنەوە لە ئاسلی گرفتەکە غافڵ ببن.
لە سایەی ئیدارەدانی کابینەکەی مەسرور بارزانی و هەژموونی حزبییدا، گفتوگۆکە کورتکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئایا هاوڵاتییەک لە سلێمانی چەند هەزار دینارێک کەمتر یان زیاتر لە هاوڵاتییەکی هەولێر دەدات بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان، لە کاتێکدا حەقیقەتە تاڵەکە زۆر لەوە گەورەتر و ترسناکترە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمە نییە کە جیاوازیی نرخەکان لەنێوان شارەکاندا چەندە، بەڵکو پرسیارەکە ئەمەیە: چۆن دەکرێت هەرێمێک کە لەسەر دەریایەک لە نەوت و سامانی سروشتی ڕاوەستاوە، هاوڵاتییەکانی ڕۆژانە بۆ کوپۆنی نەوتی زستان، بەنزینی کەمئاست و گازۆئێلی گرانپێپێدراو لە سەرەتادابن و تووشی داڕمانی ئابووریی بەردەوام ببنەوە؟ کاتێک وڵاتێک رۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و داهاتەکەی نەبێتە هۆی دابینکردنی سووتەمەنیی هەرزان، کارەبای بەردەوام و گەشەی ئابووری بۆ خەڵکەکەی، نیشانەی ئەوەیە کە سامانی نیشتمانی لەلایەن دەستەیەکەوە تاڵان کراوە و کورتکراوەتەوە بۆ بەرژەوەندیی حزبی و کەسی.
دابەشکردنی خەڵک بەسەر جیاوازیی نرخەکانی زۆنی زەرد و سەوزدا، تەنها هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی فەشەلی سەرتاپایی سیستمی ئابووری لە سەراپای کوردستاندا. کۆتایی ئەم شانۆگەرییە ژەهراوییە، حەقیقەتێکی نەگۆڕمان بەڕوودا دەکێشێتەوە: رسواییە گەورەکەی حوکمڕانی لە کوردستاندا، هەرزانی یان گرانیی ناوچەیەک نییە بەراورد بە ناوچەیەکی تر، بەڵکو ئەوەیە کە تەواوی نەتەوەیەک لەسەر خەزێنەی دارایی و نەوت دەژین، کەچی خۆیان ناچار کراون لە بەستەڵۆکی هەژاری و دەستکورتیدا ژیان بەسەر ببن.















Leave a Reply