٦٤ ڕۆژ تاریکی و یەک تابووتی داخراو

بینراوە: (1)

بەختیار جەزا جەلال

شانۆیەک بهێننە بەرچاوتان کە پەردەکەی بۆ ٦٤ ڕۆژ بە داخراوی هێڵراوەتەوە، لە کاتێکدا دەرهێنەرەکانی لە پشتەوە خەریکی سڕینەوەی خوێنی سەر تەختەکەن و دەیانەوێت تەنیا بە چەند دروشمێکی نەتەوەیی و ئاوازێکی حەماسی چەپڵە لە ئامادەبووان وەربگرن. ئەمە ڕێک وێنەی مامەڵەی دەسەڵاتە لە هەولێر لەگەڵ پرسی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی پارتی. کاتێک دوای زیاتر لە دوو مانگ جەستەیەکی سارد و بێگیان دەدرێتەوە بە خێزانەکەی، دەسەڵات ناتوانێت بە لێدوانی سۆزداری و بەیاننامەی سیاسی خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک. هاووڵاتییان و کەسوکاری قوربانییەکە چاوەڕێی پارچە کاغەزێکی بریقەدار و وتاری حزبی نین؛ ئەوان فاکت، پشکنینی پزیشکیی دادوەریی بێلایەن، و ڕاستییەکیان دەوێت کە بەرگەی چاودێریی گشتی بگرێت، نەک چیرۆکێکی داڕێژراو کە لە ژوورە تاریکەکانی ئەمنیدا نووسرابێتەوە.

ئەو هێزەی کە بەردەوام شانازی بە سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشەوە دەکات، چۆن دەتوانێت بۆ ٦٤ ڕۆژ چارەنووسی پێشمەرگەیەک لە خێزانەکەی بشارێتەوە و لە کۆتاییدا تەنها بە تەرمێک وەڵامیان بداتەوە؟ کاتێک میدیای سێبەر و دەزگا فەرمییەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن و دواتر دەیانەوێت ڕووداوەکە بە سادەیی وەک “قەدەر” یان ڕووداوێکی ئاسایی دابخەن، ئەوە دەریدەخات کە ئامانجیان پاراستنی کەرامەتی قوربانییەکە نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو تۆڕەیەیە کە بەرپرسە لەم تراژیدیایە. خەڵک چیتر بە دروشمەکانی بەرگری و قوربانیدان هەڵناخەڵەتێت، ئەگەر نەزانێت ئەو سیستەمە چۆن ڕۆڵەکەی خۆی دەپارێزێت. بێدەنگیی دامەزراوەکان بۆ زیاتر لە دوو مانگ، نیشانەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی ڕوونە بە شکستی سیستەمێک کە ناتوانێت بەرپرسیارێتیی ڕاستییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

“زیندووەکان قەرزاری ئەوانەن کە چیتر ناتوانن قسە بکەن، بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان بە ڕاستی بۆ بگێڕنەوە”)  ئەمەش هەمان ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە بوو کە لە ئەرجەنتین ڕووی دا، کاتێک “دایکانی مەیدانی مایۆ” ڕەتیان کردەوە بڕوا بە ڕاپۆرتە ساختە و بڕوانامەی مردنی درۆی دەسەڵاتی سەربازی بکەن سەبارەت بە دیارنەمانی منداڵەکانیان، و ئازایانە داوای بەڵگە و دادگاییکردنی تاوانبارانیان دەکرد. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، پێیان وایە بە پێدانی تابووتێک و بێدەنگکردنی خێزانێک دەتوانن پرسیارەکان زیندەبەچاڵ بکەن. ئەوان دادگای کارتۆنی و لێژنەی لێکۆڵینەوەی ساختە بەکاردەهێنن تەنیا بۆ ئەوەی ڕاستییەکان لەناو بێرۆکراسیەتی حزبیدا ون بکەن و ڕێگە نەدەن هیچ کەسێک لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی بنەماڵە، پەنجە بخاتە سەر برینە ڕاستەقینەکان

لە نیشتمانێکدا کە دامەزراوەکان نەتوانن وەڵامی گیانلەدەستدانی پارێزەرانی خۆیان بدەنەوە، دروشمەکان دەبنە ئامرازێکی ترسناک بۆ شاردنەوەی تاوان. گەڕاندنەوەی تەرمی ئەم پێشمەرگەیە دوای ٦٤ ڕۆژ، تەنها کارەساتێک نییە بەرامبەر بە یەک خێزان، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگا و سەروەریی یاسا لە هەولێر. ئایا ئێمە هاووڵاتیانێکین کە ڕازی دەبین بە وەڵامە ئامادەکراوەکان و دەستەواژە حزبییەکان؟ یان ئێمە گەلێکین کە داوای لێپرسینەوە، شەفافیەت، و دۆکیۆمێنتی سەلمێنراو دەکەین؟ ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا، بە ڕوونی دەریخست کە گیانی مرۆڤەکان لە بازاڕی سیاسەتی ئەم هەرێمەدا هیچ قورساییەکی نییە، ئەگەر ئاشکراکردنی ڕاستییەکەی، بەرژەوەندی و وێنەی سەرەوە بخاتە مەترسییەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 210 Today: 1,744 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.