بەهرۆز حەویز رەسوڵ
دزێکی گەورە خۆی جلی پۆلیسی پۆشیوە و لەبەردەم کامێراکاندا بە دەنگێکی بەرز فەرمانی گرتنی چەند گیرفانبڕێکی بچووک دەردەکات، لە کاتێکدا کلیلەکانی گەورەترین خەزێنەی شار لە گیرفانی خۆیدا شاراوەتەوە. پزیشکێک لەبری ئەوەی لووە شێرپەنجەییەکە دەربهێنێت، تەنها برینەکە بە جوانی دەدوورێتەوە و بە نەخۆشە گیانەڵاکە دەڵێت کە نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. لێرە، لەم هەرێمەدا، هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەنها نمایشی جلگۆڕینە لە شانۆیەکدا کە تێیدا بکوژ و دادوەر هەمان کەسن، و ڕاگەیاندنی چاکسازیش تەنها دەمامکێکە بۆ داپۆشینی ڕووخانی تەواوەتیی دامەزراوەکان.
کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵە بە لێدوانێکی ئاگرین باس لە دادگاییکردنی گەندەڵکاران دەکات، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی سامانی ونبوو نییە، بەڵکو دروستکردنی قوربانییەکی بچووکە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی شەقام. لە دادگای کارتۆنی ئەم قەوارەیەدا، یاسا تەنها بۆ سزادانی فەرمانبەرێکی بێدەسەڵاتە کە لە ژێر باری هەژاریدا هەڵەیەکی بچووکی کردووە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت پەنجە بۆ ئەو کۆمپانیا حزبییانە درێژ بکات کە ملیارەها دۆلار لە غەسلی پارە و داهاتی دەروازە سنورییەکان دەخەنە گیرفانی حیزبەوە. ئەم هەڵمەتە ساختانە، خۆیان گەورەترین جۆری گەندەڵین، چونکە وەهمی چاکسازی دەفرۆشن بە میللەتێک کە ڕۆژانە لە ژێر قەیرانی دروستکراو و باجی ناڕەوادا دەهاڕدرێت.
(وەک چۆن سۆلۆنی ئەسینا دەڵێت: “یاساکان هاوشێوەی تەونی جاڵجاڵۆکەن — لاوازەکان دەگرن، بەڵام بەهێزەکان دەیپچڕێنن و پێیدا تێدەپەڕن” ئەمەش هەمان ئەو شانۆگەرییە بوو کە لە ڕووسیای سەردەمی ئۆلیگارشییەکاندا ڕووی دەدا، کاتێک دەسەڵات هەڵمەتی دژە گەندەڵیی ڕادەگەیاند تەنها بۆ لەناوبردنی ڕکابەرەکانی، لە کاتێکدا دزە گەورەکانی ناو کۆشک بە پارێزبەندییەکی تەواوەوە بەردەوام بوون لە تاڵانکردن. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، لەوەش بێباکترن؛ ئەوان تەنانەت ڕکابەری ڕاستەقینەش ناگرن، بەڵکو تەنها چەند پەڕاوێکی هەڵبەستراو بۆ چەند کارمەندێکی خوارەوە دروست دەکەن، تاوەکو لە شاشەی میدیاکانیانەوە پێمان بڵێن کە گوایە دەوڵەت خەریکی خاوێنکردنەوەی خۆیەتی.















Leave a Reply