عزیز حسێن عمر
کێڵگەیەکی پڕ لە گەنم لە کاتی دروێنەدا ئاگر دەگرێت، لە کاتێکدا جوتیارە ماندووەکە بە سکی خاڵییەوە لە دوورەوە سەیری دوکەڵەکەی دەکات و بۆنی سووتانی ڕەنجی ساڵەکەی هەڵدەمژێت. ئەوانەی ئاگرەکەیان کردووەتەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە دواتر خۆڵەمێشەکە لە بازاڕی ڕەشدا وەک دەرمان بە خودی جوتیارەکە دەفرۆشنەوە. عێراق و ئەم هەرێمەش هەمان ئەو کێڵگەیەن؛ وڵاتێک کە لەسەر زەریایەک لە نەوت دانیشتووە، بەڵام هاوڵاتییەکەی لە ڕیزێکی درێژدا چاوەڕێی بتڵێک غاز دەکات و نەخۆشەکانی لە ڕاڕەوی تاریکی نەخۆشخانەکاندا گیان لەدەست دەدەن. گەندەڵی لێرەدا پێویستی بە داتا و ئاماری بانکی نییە بۆ سەلماندن؛ گەندەڵی ئەو ئارەقەیەیە کە بە ناوچەوانی کرێکارێکدا دێتە خوارەوە لە وڵاتێکدا کە سیاسییەکانی لەناو کۆشکە سارد و بریقەدارەکانیاندا خەریکی دابەشکردنی داهاتی نەوتی دزراون.
کاتێک ژمارەی حیزبەکان و دەستەبژێری سیاسی زیاد دەکات، ئەمە نیشانەی فرەیی دیموکراسی نییە، بەڵکو فراوانبوونی تۆڕی تاڵانچییەکانە بۆ لوشدانی بەشێکی تری خەزێنەی گشتی. هەر بەرپرسێکی نوێ کە دێتە سەر کورسی، کۆمەڵێک کۆمپانیا حزبییەکان لەگەڵ خۆی دەهێنێت و سیستەمی پشک پشکێنە وەک چەترێک بەکاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی ئەو ئابووری سێبەرەی کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی خنکاندووە. قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لە داتا نهێنییەکاندا نابینرێت، بەڵکو لەو پرۆژەی وەهمیانەدا دەبینرێت کە تەنها لەسەر کاغەز پارەکەیان خوراوە، لە کاتێکدا کۆڵانەکانی شار هێشتا وێرانن و دەسەڵاتیش ڕۆژانە باجی ناڕەوا دەخاتە سەر شانی خەڵک.
“ئەو شارستانیەتەی کە ناتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە خۆی دروستی کردوون، شارستانیەتێکی داڕماوە و بۆگەنە” ئەمەش هەمان دۆخی کۆنگۆی سەردەمی مۆبۆتۆ بوو، کاتێک سامانێکی بێشووماری کانزایی لە ژێر خاکەکەیدا هەبوو، بەڵام دەستەبژێرێکی بچووک وڵاتەکەیان کردە گۆڕستانێکی برسی بۆ هاوڵاتیان. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە داڕمانیش تێپەڕیون؛ ئەوان خودی قەیرانی دروستکراو دەفرۆشنەوە بە ئێمە و ڕۆژانە سامانی نەتەوەیی بەتاڵکراو بەکاردەهێنن بۆ کڕینی چەک و پاسەوان تاوەکو خۆیان لەو توڕەییە بپارێزن کە خۆیان بەرهەمیان هێناوە.
نەبوونی کارەبا، داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و زیادبوونی چینی سیاسییە ملیۆنێرەکان، قەدەری ئێمە نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی قۆرخکاری بازاڕ و مانەوەی وڵاتە لە دەستی چەند مافیایەکدا. گەندەڵی و تاوانەکانی ئەوان لە وردەکاری ژیانی ڕۆژانەماندا بە ڕوونی دەبینرێت، ئیتر کاتی ئەوەیە ڕەتکردنەوە و توڕەیی ئێمەش لەسەر شەقامەکان و لەسەر کورسییەکانی ئەوان بە ڕوونی ببینرێت.














Leave a Reply