گەندەڵی لە عێراق و کوردستان بە مۆری دامەزراوەکان

بینراوە: (8.1K)

محمد موسڵیح

کاتێک چەتەکان دەبنە بەڕێوەبەری بانک، ئیتر پێویستیان بە شکاندنی قفڵەکان و بەکارهێنانی چەک لە نیوەشەودا نییە، بەڵکو بە ڕۆژی ڕووناک و بە مۆری فەرمی خەزێنەکان بەتاڵ دەکەن! لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، گەندەڵی چیتر کارێکی نهێنی یان لادانێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بووەتە “دەستوورێکی نەنووسراو” کە تەواوی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنیات نراوە. ئەم مافیایانە زۆر باش فێری هونەری “تاڵانکاریی یاسایی” بوون؛ ئەوان لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ پارە لە خەزێنەی دەوڵەت دەربهێنن، چەندین کۆمپانیای وەهمی و پڕۆژەی خەیاڵی دروست دەکەن، و بە ناوی “گرێبەستی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان” ملیاران دۆلار دەگوازنەوە بۆ گیرفانی خۆیان. ئەوان تەواوی دامەزراوەکانی چاودێری و دادگاکانیان کردووەتە پاسەوانی ئەم پرۆسە قێزەونە، تا هەرکاتێک ئەم کارتێلە سیاسییە سامانی نەتەوەیەکی هەڵمژی، دەزگاکان بە چەند واژۆیەک شەرعییەتی پێ بدەن.

(کاتێک تاڵانکاری دەبێتە شێوازی ژیانی کۆمەڵێک کەس لەناو کۆمەڵگەدا، بە تێپەڕبوونی کات، سیستەمێکی یاسایی بۆ خۆیان دروست دەکەن کە ڕێگەیان پێدەدات ئەم کارە بکەن، و کۆدێکی ئەخلاقیش دادەڕێژن کە کارەکەیان پیرۆز دەکات.”) بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، نەک هەر یاسایان بۆ دزیکردن دروست کردووە، بەڵکو دادگاکانیشیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هەر کەسێک باسی پارە ونبووەکانی نەوت یان داهاتی خاڵە سنوورییەکان بکات، ڕاستەوخۆ وەک تاوانبار و تێکدەری ئاسایش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

لەم سیستەمی دیوەخانەدا، بودجەی گشتی و خاکی نیشتمان وەک نێچیری سەر مێزێک وایە کە ئەم منداڵە لوسکانە بەناوی “پشکی پێکهاتەکان” و “تەوافوقی سیاسی” لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن. گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە ئەم دزیکردنە ڕێکخراوە وای کردووە خەڵکی برسی و فەرمانبەری بێمووچە باوەڕ بکات کە وڵات مایەپووچ بووە و قەیران هەیە، لە کاتێکدا وڵات مایەپووچ نەبووە، بەڵکو بە تاپۆی ڕەشی دامەزراوەکان گواستراوەتەوە بۆ سەر حیسابی بانکیی فەنتەڵۆسەکان لە دەرەوەی وڵات. ئەوان دزییەکانیان بە بەرگی پرۆتۆکۆل و یاساوە دەپێچنەوە تا هیچ کام لەم تاوانانە پێناسەی دزییان بەسەردا جێبەجێ نەبێت.

ئەی ئەو نەتەوە برسی و بێدەنگەی کە ڕۆژانە بەبەر چاوتانەوە و بە مۆری فەرمی داهاتووی منداڵەکانتان دەدزرێت؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم خەوە قووڵە بشکێنن! قبوڵکردنی ئەم تاڵانکارییە یاساییە، بەشداریکردنە لە کوشتنی نیشتمانەکەتاندا. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە تەنها لەپشت قەڵغانە درۆینەکانی یاسا و گرێبەستە ساختەکانەوە خۆیان حەشار داوە، چونکە هیچ یاسا و مۆرێکی ساختە ناتوانێت ڕێگە لە هێزی گەلێک بگرێت کە بڕیاری ڕووخاندنی ئەم کارتێلە دەدات، و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 59 Today: 3,349 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.