دەسەڵات بەبێ متمانە

بینراوە: (3)

ڕێکار عومەر

تەپڵی دەسەڵات هەرچەندە بەرز لێ بدرێت، ناتوانێت دەنگی ئەو شکانەوەیە بشارێتەوە کە لە ناوەوەی سیستەمێکی بێ متمانەدا ڕوودەدات! ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، سەرکردە فەنتەڵۆسەکان هەموو شتێکیان قۆرخ کردووە؛ لە چەک و مووشەکەوە بگرە تا دەگاتە داهاتی نەوت و میدیای چەواشەکار، بەڵام هەژارترین و لاوازترین بوونەوەرن چونکە تاقە شتێک کە هێڵی مانەوەی دەوڵەتە (کە متمانەی گەلە) لەدەستیان داوە. ئایا کارەساتێک لەوە گەورەتر هەیە کە ٩٤٪ی هاوڵاتیانی عێراق هیچ متمانەیەکیان بە حیزبە سیاسییەکان نەمابێت و ٨٣٪یشیان پەرلەمان بە دەزگایەکی درۆزن بزانن ؟ ئەوانەی لەسەر کورسییەکان پاڵیان داوەتەوە، تەنها جوگرافیایەکی وشکیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام لە دڵ و مێشکی ملیۆنان هاوڵاتیدا، ئەوان تەنها کۆمەڵێک مافیان کە کاتی ڕووخانیان نزیک بووەتەوە.

سندووقەکانی دەنگدان کە بە دەستی تارمایی و پارەی کڕدراو پڕ دەکرێنەوە، حکومەت دروست ناکەن، بەڵکو تەنها چەتەگەرییەک بە جلوبەرگی یاساییەوە دەهێننە بەرهەم! بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە تا هەتایە سەردار بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بگۆڕێت بۆ ماف و، ملکەچیکردنی خەڵکیش بگۆڕێت بۆ ئەرک.” بەڵام ئەم منداڵە لوسکە و دەسەڵاتدارانەی ئێمە نەیانتوانی هێزەکانیان بکەنە مافێکی ڕەوا؛ سەیری شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بکەن، کە تێیدا ١.٧ ملیۆن دەنگدەر بایکۆتیان کرد و پارتی و یەکێتی تەنها بە نوێنەرایەتیی کەمتر لە ٣٠٪ی خەڵکەوە خۆیان بە براوە دەزانن ! ئەمە “کەمینەیەکی فەرمانڕەوا”یە کە لەسەر دەریایەک لە بێدەنگی و توڕەییی زۆرینەی خەڵک حوکم دەکات، و زۆر باش دەزانن شەرعییەتیان لەق بووە و کەرامەتیان نەماوە.

کڕینی دڵسۆزی بە پارەی دزراوی میللەت، ڕێک وەک دروستکردنی کۆشکێک وایە لەسەر زەلکاو؛ هەرکە پارەکە وەستا، تەواوی بیناکە نوقم دەبێت! هۆکاری ئەوەی کە کۆنترۆڵی سەربازی نابێتە متمانە ئەوەیە کە ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای بەرتیل، ترس و کڕینی وەزارەتەکان دامەزراوە. کاتێک عێراق لە پێوەرەکانی گەندەڵیدا نمرەی ٢٨ لە ١٠٠ دەهێنێت، مانای وایە هاوڵاتی بۆ بچووکترین مافی خۆی دەبێت بچێتە ژێر باری واستە و سەرانەی خاڵۆژن و پورەکانی دەسەڵات. ئەوان وایانزانیوە بە دابەشکردنی پارەی نەوت بەسەر میلیشیا و کۆمپانیا سێبەرەکانیاندا دەتوانن تا هەتایە خەڵک بێدەنگ بکەن ، بێئاگا لەوەی کە دامەزراوەیەک لەسەر بنەمای ترس و نادادپەروەری دروست بووبێت، لە یەکەمین زریانی توڕەیی جەماوەردا وەک کاغەز دەدڕێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 89 Today: 2,825 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.